Ramal Mahmood
07 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
نانی تیری ئورفە کە لەلایەن رێکخراوی پەروەردە و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەناوی تورکیاوە خراوەتە ناو لیستی میراتی کولتوورییەوە، یەکێکە لە نەریتە هەرە کۆنەکانی ئەم ناوچەیە و کەم ماڵ هەیە لە گوندەوارەکانی ئانادۆڵو لە کاتی ژەمی نانخواردندا لەسەر سفرەکانیان نەبینرێت.
ئورفە کە بە دەوڵەمەندی خواردنەکانییەوە ناسراوە، بەیانیان زوو لە زۆر شوێن ژنان خەریکی درووستکردنی نانی تیرین.
ئەزیزە تانکوش کە یەکێکە لەو ژنانەی نانی تیری دروست دەکات، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە دروستکردنی نان کارێکی زەحمەتە و لێزانینی دەوێت.
تانکوش ئاماژەی بەوەدا وێڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دروستبوونی نانەواخانەی ئۆتۆماتیكی بەڵام هێشتاش خەڵک لە شارەوە دێنە گوندەکان و نانی تیری دەکڕن. گوتیشی: "ئەم نانە لە ئاردی گەنم دروست دەکرێت. بە گشتی دوو کەس پێکەوە دەیکەن. یەکێک نانەکە پاندەکاتەوە و ئەوەی دیکە دەیبرژێنێت. لە گوندەکان زۆربەی خەڵک ئەم جۆرە نانە دەکات. ئێمە لە شاریشین ئەم جۆرە نانە دەخۆین. لە گوند دەر و دراوسێ کۆدەبنەوە و بەشێوەی هەرەوزی نان دەکەن".
ھەروەھا لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی زستاندا زوو زوو نان ناکەین و بە جارێک نانێکی زۆر دەکەین. کەسانێک بەر لە هاتنی زستان نان دەکەن و دواتر بەدرێژایی ئەم وەرزە گەرمی دەکەنەوە. ئەم جۆرە نانە لە رووی تەندروستییەوە لە نانی دیکە باشترە و بەتامتریشە. هیچ مادەیەکی وەک خومرەی تێنەکراوە. گەنمەکە لە ئاش لێ دەکرێت، دواتر دەکرێتە ئارد، دواتر دەکرێتە هەویر و دەشێلرێت، ئینجا هەنگوتکی لێ دەگرن و دواتر دەکرێت بە نان، ئەم نانە بە تەواوی سرووشتییە.