Rewa Mahmood Hasan
11 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2020
سلێمانی - AA
لەگەڵ درێژ کردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆدا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، کە بەمەبەستی رێری کردن لە کۆرۆنا گیراوەتە بەر، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان پابەندن بە رێنماییەکانەوەو تەنانەت شوێنی سەیرانگاکانیش بە تەواوی چۆڵە.
لەکاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا زۆرێک لە سەیرانگەکان لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا قەرەباڵغیەکی زۆریان پێوە دیار بوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە تەواوی سەیرانگاکان چۆڵ بوون.
لە رۆژانی هەینی-يش هاوڵاتیيان زۆرێکیان پابەندن بە رێنماییەکانەوەو لەماڵەکانیاندا دەمێننەوە.
لە سەیرانگای دووکان کە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگەو ساڵانە لە وەرزی بەهار و هاوینداو بەتایبەت لەرۆژانی هەینیدا گەشتیارێکی زۆری ناوخۆیی و بیانی لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم رووی تێدەکەن، لە ئێستادا بەتەواوی چۆڵەو هیچ گەشتیارێک رووی تێناکەن.
هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە بەبێ دروست کردنی قەرەباڵغی لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە دەشت و دەر دەبینرێت، تاکو کەشێکی ئارام لە سروشتێکی جوانی بەهارانەدا دروست بکەن بۆخۆیان.
هەندێکی تر لە هاوڵاتیان دوو بەدوو لە کەنار زێی دووکان بەدەم خواردنەوە لەهەوڵی ئارام کردنەوەی خۆیاندان.