Hemin Hüseyin
30 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2017
هەولێر-AA
ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، بە هاوکاری نووسینگەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، وۆڕکشۆپێکی مەشق و راهێنانیان ئەنجام دا کە تایبەت بوو بە چەمکی توندوتیژی سێکسیی لە کاتی ململانێیەکاندا کە تیایدا هەریەک لە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر محەمەد هاودیانی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا و ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم ئامادەی بوون.
ئامانج لەم وۆڕکشۆپەدا راهێنانی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو کە تایبەت بوو بە بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەتە بە توندوتیژی سێکسی لە کاتی ململانێیەکاندا بۆ ئەوەی بتواندرێت بە شێوازێک مامەڵە لەگەڵ ئەو قوربانییانە بکرێت کە لە رووی دەروونی و جەستەییەوە بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی.
ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی کاروباری خانمان، پەخشان زەنگەنە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم وۆڕکشۆپە تایبەتە بۆ بەشێک لە فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە گرووپی کارکردنن بۆ جێبەجێکردنی بەیانی هاوبەش کە تایبەتە بۆ رێگرتن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی و بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ رزگاربووەکاندا بکەن و کۆمەڵێک پسپۆڕی نێودەوڵەتی هاتوون و کۆمەڵێک فەرمانبەری حکوومی بەشدارن و ئەم وۆڕکشۆپە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت".
لەماوەی رابردوودا چەندین کۆنفڕانس و بابەتی جیاواز لەسەر ئەم پرسە کراوە و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی کاروباری خانمان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان ئەرکەکەیان قوڕسە و ناتوانن لە چەند چالاکییەکدا ئامانجەکانییان بپێکن و لەمبارەیەوە، پەخشان زەنگەنە گوتی: "ئەرکەکەمان زۆر قورسە و تواناکان لە رووی دارایی و سەرقاڵبوونەوە زۆرە بەڵام بەشێکی هەرە گرنگی لە ئەرکی رۆژانەی حکوومەت گرتووە و توانیوومانە و پەیوەندی لەگەڵ رزگاربووەکان بکەین و سەنتەرێک لە دهۆک کراوەتەوە کە رۆژانە رزگاربووەکان تۆمار دەکات و سەنتەرێکی دیکەش کە ئەرکی چارەسەری دەروونی و جەستەیی رزگاربووەکان لە خۆ دەگرێت و رۆژانەش ئامارەکان دەگۆڕدرێت بۆیە ناتوانین ئامارێکی دروست بدەین".