سلێمانى
لە سلێمانى زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ ئاوارەى مەسیحى نیشتەجێن کە بەسەر کەنیسەى مار یوسف و سەنتەر و ناوەندە مەسیحییەکاندا دابەش بوونە. شەوى رابردوو مەسیحییەکان بەشدارى یاد کردنەوەى لەدایکبوونى مەسیحیان کردەوە و بە هۆى زۆرى ژمارەشیان لە سلێمانى رێوڕەسمە ئاینییەکان دووجار بەڕێوەچوون.
گرووپێک لە سلێمانى بە ناوى گرووپى سەوز بۆ پیرۆزبایى کردنى جەژنى کریسمیس لە ئاوارە مەسیحییەکان نیوەڕۆ خوانێکى بۆ رێکخستن و شیرینى بەسەریاندا دابەش کرد، دواتریش بابانوئێل منداڵە ئاوارەکانى بەسەر کردەوە کە لە کەنیسەى مار یوسفن ژمارەیان 35 منداڵە و دیارى جەژنى بۆ بردن.
سەرۆکى گرووپى سەوز شیلان حەمە ئەمین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتى: "گرووپەکەمان بیرى لەوە کردەوە بۆ ئەمساڵ ئاوارە مەسیحییەکان بەسەر بکاتەوە تا لە جەژنى کریسمیس بێ بەش نەبن بە هۆى ئاوارەییەوە، راستە ئەندامانى گرووپەکەى ئێمە موسڵمانن بەڵام ویستمان جیاوازى ئاینیى نەبێتە رێگر لە بەسەر کردنەوەى مەسیحییەکان و دەمانەوێت پەیامى برایەتى لە نێوان ئاین و مەزهەبە جیاوازەکاندا زیاتر تۆخ بکەینەوە".
هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ ئاوارە مەسیحییەکان خوانى نیوەڕۆ دەخۆین، دواتریش بۆ پیرۆز کردنى جەژنەکەیان شیرینییان لەگەڵ دەخۆین، لەم کەنیسەیە 35 منداڵى تیادایە لە تەمەنى یەک رۆژ تا چواردە ساڵ، بۆیە بابانوئێلمان لەگەڵ خۆمان هێناوە و دیارى جەژنانەشیان پێ دەبەخشێت تا ئەو منداڵانەش لە جەژن بێ بەش نەبن و ئەمساڵیش وەک ساڵانى دیکە بە خۆشى جەژنەکەیان بەڕێ بکەن".
شیلان پیرۆزبایى لە مەسیحییەکان کرد و گوتى: "هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە خێر و خۆشى بۆیان و ببێتە مایەى ئازاد کردنى ناوچەکانیان و گەڕانەوەیان بۆسەر زێدى خۆیان، ئێمە دەمانەوێت لێرە هەست بە ئاوارەیى نەکەن چونکە ئێمە بەردەوام لەگەڵیان دەبین و ئەوەى لە دەستمان بێت بۆیان دەکەین".