سلێمانی
هێرشەکانی چەكدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) بۆسەر پارێزگای نەینەوا، دەستپێكی دەربەدەربوونی سەدان خێزانی مەسیحی نیشتەجێی سنووری ئەو پارێزگایە بوو، كە بە بیستنی نزیكبوونەوەی چەكدارانی داعش بە خێرایی لە ماڵەكانیان هاتنەدەرەوە و بە بێ دەركردنی هیچ كاڵایەك، بەرەو سنوورەكانی هەرێمی کوردستان كەوتنەڕێ.
لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە نزیكەی 400 خێزان كە ژمارەی ئەندامەكانیان نزیكەی هەزار و 500 كەسە، بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە لە پارێزگای موسڵەوە گەیشتوونەتە پارێزگای سلێمانی و لە حەوت بنكەدا نیشتەجێكراون.
بەشێك لەو ئاوارانە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و بەشێكیشیان كەمئەندامن، ئەوەش وای كردووە دۆخەكە و هەڵاتن و چۆنییەتی گەیشتنی ئەو كەسانە بە هەرێمی كوردستان و دۆخی ئێستایان دژوارتر بێ لەوانی دیکە.
لەناو كەنیسەی مار یوسف لە شاری سلێمانی و لەناو ئەو هۆڵەی كەنیسەكەدا كە چەندین خێزانی تیادا نیشتەجێكراوە، پیاوێكی بە تەمەن لەسەر قەرەوێڵەیەك كەوتووە و چاوەڕوانی هاوكاری و بەدەمەوەچوونی لایەنەكان دەكا، هاوسەرەكەشی لە چاوەڕوانی تەواوبونی پاسپۆرتی ئەندامانی خێزانەكەیی و گەشتكردن بەرەو ئەوروپایە.
حەنا خدر هاوڵاتییەكی مەسیحی تەمەن 70 ساڵانە و لەگەڵ 11 ئەندامی دیکەی خێزانەكەی لە قەزای حەمدانییەوە ئاوارەی شاری سلێمانی بووە، ئەو پێش دوو ساڵ جەڵتەی مێشک لێیداوە و پێویستی بە چاودێری و پشوودان هەیە، بەڵام قەرەباڵەغی و دەنگی خێزان و منداڵانی ناو هۆڵەكە دۆخی حەنای دژوارتر كردووە.
هاوسەرەكەی، جەمیلە ئەلیاس، لەبارەی تەندروستی حەناوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تەندروستی حەنا بەهۆی ئەو دۆخە و ژاوەژاوی ناو هۆڵەكەوە خراپە و پێش دوو رۆژ تووشی جەڵتەیەكی دیکە هاتەوە."
جەمیلە باس لەوە دەكا کە كێشەی زمانیان هەیە لەگەڵ پزیشكەكانی سلێمانی و نایانەوێ حەنا ببەنە نەخۆشخانەكانی شارەكەوە، بەڵكو چاوەڕوانی تەواوبوونی پاسپۆرتەکانیان دەكەن تا بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا بڕۆن و بە یەكجاری عێراق جێبێڵن و چارەسەری نەخۆشی هاوسەرەكەشی لەو وڵاتە بكا.
ئینتسار ئیبراهیم غەفور ژنێكی دیکەی ئاوارەی مەسیحییە لە شاری سلێمانی، ئەو تەمەنی 34 ساڵە و بەهۆی رووداوێكەوە لە لایەن سەربازە ئەمریكییەكانەوە پێكراوە و بەو هۆیەوە جوڵەی قاچەكانی لەدەستداوە.
ئینتسار لەگەڵ هاوسەر و كچ و كوڕە 13 ساڵانەكەیدا بە بیستنی گەیشتنی چەكدارانی داعش بۆ موسڵ، لە حەمدانییەوە بەرەو هەولێر بەڕێكەوتوون و بە 10 سەعات گەیشتوونەتە، ئەوەش هیلاكی و زەحمەتی زیاتری بۆ ئەو دروستكردووە.
هاوسەرەكەی ئینتسار، حەمید حەبیب حەسۆ، لەبارەی رووداوەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵی 2006 لە كاتی سەردانمان بۆ لای پزیشك لە شاری موسڵ، پێكدادانێك لە نێوان گروپە چەكدارەكان و هێزێكی ئەمریكیدا دروستبوو، یەكەم گولەی ئەمریكییەكان بەر بڕبڕەی پشتی هاوسەرەكەم كەوت و ئیفلیج بوو."
دوای رووداوەكە حەسۆ چەندین جار سەردانی لایەنی حكومی و هێزەكانی ئەمریكا و دادگای كردووە، بۆ چارەسەركردن و قەرەبوكردنەوەی هاوسەرەكەی، بەڵام بە گوتەی خۆی هیچ سوودێكی نەبووە.
حەسۆ دەڵێ بێزار و هیلاك بوونە بەدەست كێشە و دۆخی ناوخۆی عێراقەوە و چیتر ئامادەنین بگەڕێنەوە حەمدانییە و ژیان و داهاتووی خۆیان و كچ و كوڕەكەیان بخەنە مەترسییەوە و جارێكی دیکە دەربەدەری ببیننەوە.
ئەو چاوەڕوانی دەستپێكردنی مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت دەكا بۆ خۆی و خێزان و منداڵەكانی لە سلێمانی، داواش لە لایەنە بەرپرسەكان دەكا هاوكارییان بكەن لە رەوانەكردنیان بەرەو ئەمریكا و چارەسەركردن و هەستانەوە و گەڕاندنەوەی جوڵە بۆ قاچەكانی هاوسەرەكەی.