aa
28 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2016
بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخچەكانی سلێمانی لایەنە بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە لە مەترسی وشكبوون و لەناوچونی باخچە و سەوزاییەكانی شاری سلێمانی بەهۆی نەبونی بوودجەوە، ئاماژە بەوەش دەكات بەشێوەیەكی یەكسان مامەڵە لەنێوان هەولێر و سلێمانی ناكرێت.
قەیرانی دارایی و نەبوونی بوودجە كاریگەری گەورەی لەسەر هەموو بوارەكان لە هەرێمی كوردستان كردووە، باخچە و سەوزاییەكانیش بەدوور نین لەو كاریگەرییە و بەهۆی نەبوونی بوودجەوە بەرەو وشكبوون و لەناوچوون دەچن.
بەڕێوەبەری گشتی باخچەكانی سلێمانی كامەران حەمەساڵح لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە گوتی: "ساڵانە لە 1ی تەمووزەوە بەرنامەی ئاودانی باخچە و سەوزاییەكانمان هەیە، ماوەی 58 رۆژە كەموكوڕی گەورە لەسەر باخچە و سەوزاییەكان دروست بووە و باخچە و دارستانەكانمان بەرەو وشكبوون دەچن".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی قەیرانی دارایی كاریگەری گەورەی لەسەر كار كارەكانیان كردووە و بەو هۆیەوە بەشی زۆری كارمەندەكانیان رۆژانی دەوامكردنیان كەمبووەتەوە و بوودجەشیان لەبەردەست نییە بۆ ئاودانی باخچە و دارستانەكان.
ئەو گوتی: "نا عەدالەتی هەیە بۆ هاوكاری كردنی باخچە و سەوزاییەكانی سلێمانی و هەولێر و كێشەكانی هەولێریان چارەسەركردووە، بەڵام ئێمە تائێستا چەندین جار نووسراومان ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردووە و داوای بوودجەمان كردووە بۆ ئاودانی باخچە و سەوزاییەكان، بەڵام هەموو نووسراوەكان لە وەزارەتی دارایی راگیراون".
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرەی سەوزایی سلێمانی تائێستا 200 داری بەتەمەنی ناو باخچە و شەقامەكانی سلێمانی وشكبووە، هەروەها باخچە و سەوزاییەكانی تریش بەرەو زەردبوون دەچن.
بە گوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتییەكە، لە شاری سلێمانیدا یەك ملیۆن و 300 هەزار دار و 536 باخچە و 381 بلوار هەیە، داواش كراوە 667 ملیۆن دینار بوودجەیان بۆ خەرج بكرێت بۆ ئاودانی ئەو باخچە و سەوزاییانە.
سلێمانی یەكەم پارێزگای هەرێمی كوردستان و عێراقە لە روی سەوزاییەوە و رێژەی سەوزایی لە شارەكەدا دەگاتە 12 لەسەد، ئەوەش نزیكە لە ئاستی ستانداردی جیهانی.