هەڵەبجە
هەموو ئامادەکاریەک بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە تەواو بووە و لەم ساڵدا پێدەچێت گۆرانکاری بەسەر تەواوی بەرنامەی یادکردنەوەکەدا بێ.
بریارە لە رۆژی یەکشەممە و له ٢٦ەمین ساڵیادی کارەساتەکە لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکان بۆ ساڵیادی کیمیابارەنەکە چەند هەلیکۆپتەرێک بەسەر ئاسمانی شارەکەدا بفرن و گوڵبارانی شارەکە بکەن.
هەر لە چوارچێوەی یادکردنەوەکەدا ئەمساڵدا، پەردە لەسەر پەیکەری رۆژنامەنوس لادەدرێت کە وەک هێمایەک بۆ ئەو رۆژنامەنوسانه دروست کراوە کە لەکاتی کیمیابارانەکەدا بۆ کاری رۆژنامەوانی و وێنەگری هاتبوونە شارەکە و کارەساتەکەیان بۆ تەواوی دنیا لەوکاتەدا گواستەوە.
کارەساتی هەڵەبجە تائێستاش چەندین چیرۆکی جەرگبڕی لەدوای خۆی جێهێشتووە، کە هەندێکیان تائێستا لە هیچ ناوەندێکی راگەیاندندا باسیان لێوه نەکراوە.
بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە سەرخێڵ غەفار حەمەخان باس لە ئازارەکانی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر ئەستەمە بەردەوام کار لە شوێنێکدا بکەیت کە یادگاری مردوانی کەسی نزیکی تۆی لێبێت و بەو شێوەیە باس لە تراژیدیای ١٦ ی ئازاری ١٩٨٨ دەکات و دەڵێ: "لەو رۆژەدا گازێکی زۆر ڕژا بەسەر شارەکەدا ، بەهۆی لاوازی بونیەی مناڵان و ئافرەتانەوە زیاتر ژەهری کمیاییەکە کاری لەوان دەکرد و زۆرترین رێژەی مناڵ و ئافرەت گیانیان لەدەست دا .زۆرێک لەوانەی ژەهراوی بوون لەکاتی هەڵاتنیاندا لە ڕێگا گیانیان لەدەستا."
حەمەخان باس لەوەدەکات کە لەکاتی هەڵاتنیاندا لە ئەشکەوتێك خۆیان شاردۆتەوەو و باوکی بەهۆی بۆمبی ناپاڵمەوە گیانی لەدەست داوە و هەر لەشوێنی کەوتنی ناپاڵمەکە ناشتویانە و دواتریش براکەی بەبرینداری لەگەڵ ئەماندا ڕەوانەی ئێران کراون و گوتی: "هێندە تراژیدی بوو نازانم باسی چیتان بۆ بکەم ،هەرکەسێ کە گیانی لەدەست دەدا ، لە چاڵێکدا دەیان ناشت کە ناپاڵمەکە لێی دابوو و دواتر بەپەلە شوێنەکەیان بەجێدەهێشت . چونکە بەردەوام تۆپباران لەسەر ئەو خەڵکە بوو. ئێمە لە ئێران بووین تا ئەو کاتەی ئاگربەست لەنێوان ئێران و عێڕاقدا دروست بوو."
سەرخێڵ ئاماژە بەوەدەکا کە جیاوازی نێوان مۆنۆمێنت و مەزارگە ئەوەیە کە لەمۆنۆمێنتدا شەهیدەکان بەسەر خاکەوەن، بەڵام لە مەزارگەدا لەژێر خاکدان. هەبۆیە حەمەخان زۆر بە ئاستەمی زانی کە بەردەوام کار لەشوێنێک بکا کە یادگاریەکانی کەسە نزیکەکانی خۆی بەردەوام بەبەرچاویەوەن.