هه‌ولێر
به‌هۆی شه‌ڕو پێكادانی نێوان چه‌كدارانی داعش و سوپای عێراق له شاری موسڵ، ژیانی دانیشتووانەکەی دژواربووە و ئێستا هه‌زاران ماڵبات لەو شارە هەڵدێن بەرەو پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر.
په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو له سنووری نێوان هه‌ولێر و موسڵ دەڵێ: له درەنگانی شه‌وی رابردوو(دووشەممە) تا پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ، هه‌زاران ماڵبات له شاری موسڵەوە ماڵ و حاڵیان جێهێشتوه و به‌ره‌و ناوچه ئارامه‌كانی هه‌ولێر، بە ناچاریی کۆچ دەکەن.
بەشی زۆری هەڵاتووان ژن و منداڵن و لەژێر گەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا بەرەو هەولێر کەوتوونەتە رێ.
له‌یلا یەکێکە لەو ماڵباتە عەرەبانەی لە ترسی گیانیان شارەکەیان بە جێهێشتووە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتوویەتی: "شه‌ڕ ناچاریكردین ماڵ بە جێ بێڵین، نازانین بۆ شه‌ڕ یه‌خه‌ی خه‌ڵكی عێراق به‌ر نادا، ئەی كوا حكومه‌ت كوا مالیكی؟ ئه‌مه كه‌ی وڵاته ئێمە نازانین چەکداران چی‌یان لە موسڵ دەوێ."
بەشێک لە دانیشتووانی هه‌ولێر، له دره‌نگانێکی شه‌وی رابردووەوە چوون به هانای خەڵکی لێقەوماوی موسڵ و خواردن و کەلوپەلیان بۆ بردوون.
سه‌دره‌دین حه‌مه‌ساڵح، لە شاری هەولێرەوە کۆمەکی بۆ ئاوارەکان هێنابوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "له راگه‌یاندن گوێم لێ‌بوو خه‌ڵكی موسڵ ماڵ و حاڵیان به‌جێهێشتووه، منیش بۆ هاوكاری لێقه‌وماوان به باشمزانی ئەوەی لە دەستمبێ بۆیان بێنم. بۆ براو خوشکهكانمان له موسڵ."
له‌یلا گوتی: "زۆر سوپاسی خه‌ڵكی هه‌ولێر و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین ئه‌وان پێشوازییه‌كی بشیان لێكردین."
عیماد كه‌ریم دانیشتووی گه‌ڕه‌كی (حه‌ی قودس)ه له موسڵ گوتی: "سه‌ره‌تا پێمان باش نه‌بوو ماڵ به جێ بێڵین، به‌ڵام دوای په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕ له ناوچه‌كه‌مان ماڵ و حاڵمان جێهێشت. ده‌مانه‌وێ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له هه‌ولێر جێگیر بین تا بزانین چارەنووسی شارەکەمان بەرەو کوێ دەچێ."
خاڵی جێی سەرنج بە لای پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەیە کە لە نێو هەڵاتووانی موسڵ، ژمارەیەکی زۆر سەرباز و پۆلیس هەن کە ئەوانیش بەرەو هەولێر کۆچ دەکەن. چەند پۆلیسێک بۆ ئانادۆڵو گوتوویانە: "بێزاربووین... شەڕ بۆ کێ بکەین ئیتر؟"