ئەنبار
وەزیرى کارەبا لە حکومەتى عێراق قاسم فەهداوى لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو، ئاماژەى بە مەترسی دۆخى پارێزگاى ئەنبار کرد و گوتى: "لە ئێستادا، چەکدارانى رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامیی (داعش)، 80%ى پارێزگاى ئەنبار و ناوچەکانى چواردەوریان کۆنترۆڵکردووە و ئەو 20%ەی کە ماوە لە ژێر کۆنترۆڵى هێزە ئەمنییەکان و هۆزە چەکدارەکانە، بەو هۆیەوە دۆخى پارێزگاى ئەنبار لە مەترسییەکى گەورەدایە."
فەهداوى لە قسەکانیدا ئاماژەى بەوەکرد کە حکومەتى ئیتیحادى باش درک بە مەترسى دۆخى پارێزگاى ئەنبار دەکا و دەزانێ کە تازە کار لەکار ترازاوە، چونکە چەکدارانى داعش توانیویانە 80%ى پارێزگاى ئەنبار و چواردەورى کۆنترۆڵ بکەن.
وەزیرى کارەباى حکومەتى عێراق هۆشدارى لەدەستدانى توانا و هێزى هێزەکانى سوپا و پۆلیسدا لەبارەى کۆنترۆڵکردنى شارى رومادى و گوتى: "زۆر زەحمەتە لە ئێستادا هێزەکانى سوپا و پۆلیس بەم هێز و توانایەوە بتوانن شارى رومادى ئازاد بکەن، کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵى چەکدارانى داعشدایە."
لە کۆتایى قسەکانیدا فەهداوى رایگەیاند، رێوشوێنە ئەمنى و پشتیوانییە سەربازییەکان وەک پێویست نەبوونەوە، پارێزگاى ئەنبار پێویستى بە پشتیوانییەکى فراوانى حکومەتى عێراقە لەسەر ئاستى سەربازىی و هێزى ئاسمانیى.