اربیل
هه‌رێمی كوردستان، به ناوچه‌یه‌كی فره ئاینی و مه‌زهه‌بی داده‌نرێ به گوێره‌ی لێدوانی وه‌زیری كاروباری ئاینیش، %95ی هاوڵاتیان موسڵمانن، باقی تر مه‌سیحی و ئێزدی و كاكهیهن، به‌ڵام جوله‌كه له كوردستان نیشته‌جێنین.
كامیل حاجی عه‌لی وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌ڤپه‌یڤینێك له‌گه‌ڵ (ئاژانسی ئه‌نادوڵ) رایگه‌یاند "له مێژه كوردستان جێگای فره نه‌ته‌وه و ئاینی بووه، به‌ڵام زۆرینه‌ی زۆری هاوڵاتیان كورده و له %95ی موسڵمانن، باقی تر جگه له جوله‌كه مه‌سیحی و ئێزدی و كاكه‌ی و ئاینه‌كانی ترن".
كامیل حاجی عه‌لی، ته‌مه‌نی 58 ساڵه و له هه‌ڵه‌بجه له دایك بووه، جگه‌له‌وه‌ی وه‌زیری ئه‌وقافه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیشه (حاجی عه‌لی)، بۆچوونی وایه پێویسته به‌رنامه‌كانی ئیسلام له كوردستان "سه‌د له‌سه‌د" ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت.
له كوردستان حكومه‌تی هه‌رێم مزگه‌وت دروست ناكات، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك (4800) مزگه‌وت هه‌یه له‌گه‌ڵ (97) كڵیسای مهسحیيهكان.
وه‌زیری ئه‌وقافی كوردستان، وتی "تائێستا له كوردستان له‌سه‌ر پرسی ئاینی كه‌س ئازار نه‌دراوه، هه‌موو ئاینه‌كان پێكه‌وه ده‌ژین، هیچ گرفتێك له نێوانیاندا نه‌بووه".
سه‌باره‌ت به زه‌كاتی موسڵمانان به‌وته‌ی وه‌زیری ئه‌وقاف هه‌ركه‌سێك 19 مسقاڵ ئاڵتونی هه‌بێت، ساڵێك بمێنێته‌وه، ده‌بێ زه‌كات بدات، به‌ڵام له كوردستان ئه‌و زه‌كاته كراوه به پاره و له 100 دینار 2 دینار و نیو زهكاتهكهیهتی.
وه‌زیری ئه‌وقاف وتیشی "زه‌كاتی سه‌رفتره له ره‌مه‌زاندا به‌گوێره‌ی بازار و بارودۆخی ئابوری دیاری ده‌كرێت، بۆ ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵیش نه‌فه‌ری 3 هه‌زار دیناره".
به‌گوێره‌ی ئامارێكی ناڕه‌سمی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ساڵی پار زه‌كاتی هاوڵاتیان 20 ملیۆن دۆلار بووه، پێشبینیش ده‌كه‌ن، ئه‌مساڵ زه‌كات، بگاته 40 ملیۆن دۆلار، سه‌رفتره‌ی ره‌مه‌زانیش 12 ملیار دینار بێت.
سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی ئه‌و پاره‌یه (كامیل حاجی عه‌لی) ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه له كوردستان هه‌ركه‌س بۆخی زه‌كات ده‌دات، حكومه‌ت هیچ ده‌زگایه‌كی ره‌سمی نیه ئه‌و پاره‌یه كۆبكاته‌وه و پاشان دابه‌شی بكات به‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌ژار و فه‌قیر".
وه‌زیری ئه‌وقافی كوردستان وتیشی "ئێستا پرۆژه‌یه‌كمان داوه‌ته حكومه‌ت، پاشان په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌كات رێك بخه‌ین، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش ته‌واو بكرێت، پێمانوایه فه‌قیر له كوردستان نامێنێت، چونكه پاره‌ی زه‌كات زۆر زۆره".
له كوردستان ده‌نگۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی گه‌نجانی كورد هه‌یه كه ده‌چنه ناو ریزی چه‌كدارانی (ئه‌لنه‌سرا) له سوریا. له‌و باره‌وه وه‌زیری ئه‌وقاف ده‌ڵێت "به‌شێك له‌و قسانه راست نیه له‌مزگه‌وته‌كانیش مامۆستای ئاینی كه‌سی هان نه‌داوه بچێت، حزبه ئیسلامیه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه".
حاجی عه‌لی وتیشی "سێ گه‌نج رۆیشتوون په‌شیمان بوونه‌ته‌وه، هه‌ركه‌سێك ده‌ڕوات یان ناروات به‌قسه‌ی ئێمه ناكات، ئێمه‌ش بهكهسمان نه‌وتووه برۆ بۆ سوریا".
له‌كۆتای قسه‌كانی وه‌زیری ئه‌وقاف پێیوابوو چۆن پێشتر "سه‌دام حوسێن" كوردی ده‌كوشت "ئێستاس به‌شار ئه‌سه‌د وه‌ك سه‌دام حوسێن هاوڵاتیانی خۆی ده‌كوژێت".