کەرکوک
سەعات یەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (٢ی تشرینی یەکەم) لەبەردەم چێشتخانەیەکی گەورەی کەرکوک لەنزیک بینایی قایمقامییەت و پارێزگای ئەو شارە، تەقینەوەیەکی گەورە روویدا.
لەو کاتەی ئوتۆمبیلەکە تەقییەوە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەناو چێشتخانەکە نانی نیوەڕۆی دەیانخوارد. بۆیە تەواوی بەرکەوتووان خەڵکی مەدەنی بوون.
بەھۆی ئەوەی بارەگای پارێزگارو قایمقامیەتی کەرکوک نزیکن لەو ناوچەیە، ھێزە ئاسایشپارێزەکانی کەرکوک بەشێوەیەکی چڕ ئەمنیەتی ئەو شەقامە دەپارێزن، ھەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیاو چێشتخانەی گەورە لەو شەقامەدان.-
بێجگە لەزیانە گیانییەکان، زیانی ماڵی زۆریش بەر دوکان و تەلارو ئوتۆمبیلی خەڵک کەوت کە لەو شەقامە راوەستابوون.
لێپرسراوی جموجوڵ لەئاسایشی کەرکوک عەقید (ئیدریس رەفعەت) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " لەوکاتەی تەقینەوەکەدا روویداوە، ھیچ ھێزێکی ئەمنی یان کاربەدەستێکی حیزبی و حکومی لەو ناوچەیەدا نەبووە تا گومان بکرێ تیرۆریستان ئەوانی کردبێتە ئامانج، بۆیە دڵنیاین تەقینەوەکە بۆ تۆقاندن و رەشەکوژیی بووە".