دیاربەكر
دایكەكان بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان پێنەدرا لەبەردەم باڵەخانەی سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی دیاربەكر مانگرتن ئەنجام بدەن، لە بەرامبەر باڵەخانەكە درێژەیان بە مانگرتندا و داوایان كرد منداڵەكانیان بگەڕێننەوە.
دایكێك بە ناوی بەدرییە ئیشك، كە لە شارۆچكەی ستەوری سەر بە پارێزگای ماردینەوە هاتووە بۆ دیاربەكر، بەشداری لە مانگرتنەكە كرد، سەبارەت بە كوڕەكەی بە ناوی مەزڵوم کە تەمەنی 12 ساڵە گوتی: "سەری كوڕەكەم شوشت و خواردنم پێدا و گوتی، من دەڕۆم یاری تۆپی پێ دەكەم و لە ماڵ دەرچوو."
ئیشك ئاماژەی بەوەدا، دوای ماوەیەكی زۆر كوڕەكەی نەهاتەوە ماڵەوە و تا ئێستاش نەدۆزراوەتەوە، هەر بە گوتەی ئەو دایكە، لە هەمان رۆژدا كە كوڕەكەی دیارنەما، دوو منداڵی دیكە دیارنەماون.
دایكەكە گوتیشی: "دوای ئەو رۆژە ژیانمان بوو بە دۆزەخ، لەسەر داوای خوشکێکم هاتووم بۆ دیاربەكر، بۆ ئەوەی بەشداری لە مانگرتنی دایكانی منداڵ رفێنراو بكەم، دەمەوی كوڕەكەم بۆ بگەڕێننەوە، ئەو هێشتا منداڵە بە بێ من ناتوانێ بژی."
ئیشك ئاماژەی بەوەشدا كە لە سێ مانگی رابردوودا لە گوندەكەیان 10 منداڵی دیكە ونبوونە و كوڕەكەی بچووكترینیانە و گوتی: "كوڕەكەم كاتی فیلمی كارتۆنی تۆیە، تۆ لە كوێی؟ من لای تۆ نیم كێ ئاگای لە تۆ دەبێ؟"
ئیشك لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "بۆ ئەوەی بگەین بە منداڵەكانمان داوای ئاشتی دەكەین. بڕوامان پێیە كە سەرۆكوەزیران درێژە بەم پڕۆسەیە دەدا و سەركەتووش دەبێ. با منداڵەكانمان بۆ بگەڕێننەوە. با جەرگمان نەسووتێ. ئەو هەموو دایكە لێرە كۆبوونەتەوە، بەسە ئیتر با منداڵەكانمان بۆ بهێننەوە."