Ahsan Mohammed Ahmed Ahmed
25 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2019
ههولێر - AA
ھەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر بە بەشداری زیاتر لە سێ ھەزار کەس لە خەڵکی هەرێم و بیانی بەڕێوەچوو.
ماراسۆنەکە بەدروشمی "رادەکەین بەرەو ژینگەیەکی خاوێنتر"، لە لایەن لێژنەیەکی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەکرێ و براوەکانی یەکەم خەڵات دەکرێن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، یەکێک بوو لە بەشداربووانی ماراسۆنەکە و دواتر لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکاران گوتی: "پاکوخاوێنی ژینکە زۆر گرنگە و ھیوادارم ئەمرۆ دەسپێکردنێک بێت بۆ ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان. زۆر لە جاران بیر لە پاکو خاوێنی ژینگە بکەنەوە کە لە ھەموو جیھاندا ئیستا مشتومری لەسەرە، ئیمەش لە ھەرێمی کوردستان بێبەش نین لەوە ھەر ئەمەش وای کرد کە من بەشدار بم لەم ماراسۆنە و ھیوادارم کە ئەمە دەسپێکێک بێت لەرووی پەروەردەییەوە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی پاک و خاوینی ژینگە".


بارزانی نەیشاردەوە کە ئەوەی هانی داوە بەشداری لەم ماراسۆنەدا بکات، دروشمەکەی واتە ""رادەکەین بەرەو ژینگەیەکی خاوێنتر" بووە.
لە ناو بەشداربووانی ماراسۆنەکەدا ٣٥٠ یاریزانی بیانی لە چەند وڵاتێکی جیھانەوە هەبوون.
ماراسۆنی هەولێر لە ساڵی ٢٠١١ەوە، ساڵانە بەڕێوەدەچێ و ئەمساڵیش لە سێ پێشبڕکێ لەسەر سێ ئاستی جیاواز بوو کە بریتی بوون لە پێشبڕکێی خێزانی کە درێژییەکەی چوار کیلۆمەتر، پێشبڕکێی نیو ماراسۆن کە مەوداکەی 12 کیلۆمەتر، و ماراسۆنی تەواو کە مەوداکەی 42 کیلۆمەتر بوو، بەڕێوەچوون.