ھەولێر
ئێوارەی رۆژی شەممە لە ھۆتێل چوارچرای شاری ھەولێر، ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنووسان و ھونەرمەندان لە کۆبوونەوەیکدا گفتوگۆیەکی کراوەیان لەبارەی کەیسی دەستدرێژی بۆ سەر کچێکی ١٦ ساڵ لەلایەن شەش کەسەوە، ساز کرد.
ئامادەبووی گفتوگۆکە محەمەد فەریق گوتی: "پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەیی مەدەنی بەکاری خۆیاندا بچنەوە، دەبێ ھەڵمەتی بەرفراوان لەناوکۆمەڵگادا ئەنجام بدەن، چونکە تا ئێستاش زۆر دیاردەی ناشیرین و نامۆ لەناو کۆمەڵگا بەتایبەتی گەنجاندا هەن".
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتان سوزان یاسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "روداوی دەستدرێژیکردنە سەر ئەو کچە پەیوەندی بە ھەموو لایەکەوە ھەیە، پێویستە لەسەر چەند خاڵێک رێک بکەوین و بیگەیەنینە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە جدی کار لە سەر ئەو کەیسە بکەن."
سۆزان پێی وایە پێویستە لە رێگەی مزگەوتەکانیشەوە ھوشیاری گشتی لەبارەی مافی رەگەزی مێ زیاد بکرێ، لەوە رووەوە پیاوان زیاتر لە مزگەوتەکاندا کۆدەبنەوە.
لەو گفتوگۆیەدا زیاتر لە ٤٠ کەس بەشداریان کرد، ئامادەبوان گفتوگۆیەکی کراوەیان ئەنجام داو لە نێو ئامادەبوانیش دەمەقاڵەی توند رووی دا. ئامادەبوو ھەبوو بۆچوونی جیاواز بوو لەبارەی سزای توندی ئەو کەسانە، لەبەرامبەریشدا ژنێکی ئامادەبوو بەتوندی وەڵامی دایەوە.
روودوای دەستدرێژکردنە سەر ئەو کچە ١٦ ساڵانە لەلایەن شەش کەس لە شاری ھەولێر رۆژی دووشەمەی رابردوو شەشی مانگی رابردوو روویدا، پاش ٤٨ سەعات ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش توانیان ئەو شەش کەسە دەستگیر بکەن و بیاندەنە دادگا.