İhsan Muhammet
21 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2016
لەکاتێکدا لە شارەکانی دیکەی عێراق و ھەرێمی کوردستان خۆڵ دەبارێت و پلەکانی گەرما لەنزیک پەنجاکانەوەیە، لێرە پلەکانی گەرما نزیک بە ١٠ پلەیە و بەفریش ھێشتا ماوەتەوە.
ھەرێمی کوردستان دەیان ناوچەی گەشتیاریی ئەوتۆی ھەیە کە ئەمڕۆ گەشتیاری ناوچەکانی دیکەی عێراق لە ناوەڕاست و باشووریشەوە راکێش دەکەن، دۆڵی پرژە نموونەیەکە لە خەروارێک، سەیرانگاکە دەکەوێتە قەزای چۆمان لە نزیک سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران و ١٥ کیلۆمەتر لەو قەزایەوە دوورە.
سەیرانگای دۆڵی پڕژە زۆر جیاوازتر لەسەرجەم سەیرانگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دەردەکەوێت، جیاوازییەکەشی ئەوەیە بەگەرمای بەتینی ھاوین کە پلەکانی لە زۆر ناوچەی عێراق لەسەروو ٥٠ پلەوەیە بەتایبەت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و بەدیاریکراویش لەم مانگەدا کە ھاوشێوەی مانگی پێشووی بە گەرمترین مانگەکانی ساڵ لە عێراق دەژمێردرێن، بەڵام لە دامێنی ئەم ناوچەیە ھێشتا بەفری زستان، چاوی گەشتیاران تێر دەکات، هەبوونی ئەو بەفرە لەم گەرمایە وایکردووە لەسەرجەم ناوچەکانی دیکەی کوردستانیشەوە خەڵک سەردانی بکات، ئەوە سەرباری نزمیی پلەکانی گەرما نزیکەی ٣٠ پلە لە ناوچەکانی دیکەی وەکو ھەولێر و سلێمانی و دھۆک جیاوازیی ھەیە، لێرە پلەکانی گەرما لە نزیک ١٠ پلەوەیە.
بوونی تاڤگەی سەرنجراکێش لەوانەی لە لووتکەی چیاکانەوە ئاویان دێتە خوارەوە لە پاڵ بەفرەکەی پڕژە دیمەنەکەی خۆشتر کردووە، ئیدی وێنەی یادگاریی ھاوسەرەکان و منداڵان و پیرەمێردەکانیش ئەوە دەردەخات ئێرە ناوچەیەکی جیاوازە.
لێرە بە پێچەوانەوەی شارەکانی دیکەی کوردستان، نە خۆڵ دەبارێت و نە پێویستیت بەچەتر هەیە بۆ خۆپاراستن لە تیشکی بەتینی خۆر، پێویستیت بەوەش نییە لە ماڵەوە لەبەر فێنککەرەوە دابنیشیت.
ھاوبین عەبدوڵا ئەحمەد، دانیشتوی گوندی وێزێ کە خاوەنی ژمارەیەک کەپری گەشتیارییە لەم ناوچەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ گوتی: "بەھۆی پلەکانی بەرزی گەرمییەوە لە ناوچەکانی ھەریم و باشوری عیراق گەشتیاران روو لەم ناوچەیە دەکەن و چەندین شەو ورۆژ لێرە دەمێننەوە، چونکە لێرە ھەوایەکی پاک و ئاوێکی سازگار و دیمەنێکی سەوزایی و چیای مەزن ھەیە، بەفری ئەم ناوچەیەش سەرنج راکێشییەکی تایبەتی بۆ ئەو گەشتیارانە ھەیە".
ھاوبین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە بەێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەرێم ھیچ بایەخێک بەم ناوچەیە نادات، ئەو گوتیشی: " ئێوە بەچاوی خوتان بینیتان کە رێگاو بانی ئەم ناوچەیە خراپە، بو سەرکەوتن بەسەر شاخەکەدا چەندین کێشەو گرفت دێتە بەردەم گەشتیاران کە بەھۆی نەبوونی رێنمایی بۆ گەشتیاران و میکانیزمی گونجاوەوەیە".
لە کۆتای قسەکانیدا ئەو گەنجە گوتیشی: "لەم ساڵدا بەھۆی نەشارەزایی و نەبوونی رێنمایی تەواو لە لایەن گەشتیارانەوە سێ ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی بە ھۆی داڕمانی بەفرەوە.
سرووشتی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە سرووشتە راکێشەکان بۆ گەشتیاران لە ناوچەکەدا، دەکرێت حکوومەتی ھەرێم وەکو سەرچاوەیەکی داھاتھێنەر چاو لەم کەرتە بکات و بایەخی زیاتری پێ بدات.