Hemn Baban
22 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2015
هەولێر
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نوێنەرایەتی خۆبەخشی ئاوارەكانی نەینەوا لەژێر ناوی پرۆژەی خەندە لەسەر روخساری منداڵان بچێنە، هەڵسا بە بەخشینی جلوبەرگی جەژنی قوربان بەسەر 120 منداڵی ئاوارەكانی كەمپی بەحركە لە شاری هەولێر و هەروەها منداڵانی پێشمەرگە شەهیدبووەكانی شەڕی داعش، مەراسیمەكەش لە هۆڵی فەرمانگەی رێكخراوەکانی ناحكومیی هەرێم لە هەولێر بەڕێوە چوو.
پاش راوەستانی یەك خولەك بۆ قوربانیان و رێزلێنان لە شەهیدان، سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوەکانی ناحكومی لە گوتەیەكدا پاش بەخێرهێنانی میوانەكان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ خزمەتكردنی ئاوارە و رۆڵەی شەهیدانی پێشمەرگە و گوتیشی پێویستە ئەوان خزمەتی زیاتر بكرێن، ئاماژەی بۆ قارەمانێتی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش كرد و هیوای خواست ئاوارەكان بە زووترین كات بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
لەنێو هۆڵی فەرمانگەکەدا منداڵی ئاوارەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق لە هەولێر و منداڵی ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی داعش شەهید بوون. بەیەکەوە بوون بەڵام خەمەكانی هاوبەش و جینایەتەکانی داعش یەكی خستبوون.
نوێنەری رێكخراوی نوێنەرایەتی خۆبەخشی ئاوارەكانی نەینەوا د.عرفان ئەكرەم لە گوتەیەكدا كورتەیەكی لەبارەی كارەكانیانەوە بۆ ئامادەبووان باس كرد و گوتی بە ئەركی سەرشانی خۆیانی دەزانن خزمەت بە ئاوارەكان و منداڵانی پێشمەرگەكان بكەن ئەوانەی لە شەڕی داعش شەهید بوون، هیواشی خواست بیانتوانیایە زێدەتر خزمەت بكەن و دیاریی باشتریان پێ بدەن.
پاش گوتارەكان دەستكرا بە مەراسیمی بەخشینی دیارییەكان بەسەر منداڵانی ئاوارە و رۆڵەی شەهیدانی پێشمەرگە.