ئۆزدەمیر ئاڵتان یەكێكە لەو نیگاركێشانەی زیاتر لە هەزار بەرهەمی وێنەی هەیە و لەپرۆژەیەكی نوێدا خۆی ئامادە دەكا تا خۆی بە جیهان بناسێنێ.
ئۆزدەمیر كە هەر لە مناڵیەوە سەرقاڵی وێنەكێشانە و وەك خۆی دەڵێ لە تەمەنێكی زۆر مناڵیەوە خولیای وێنەكێشان بووە، ساڵی ١٩٥٦ ئەكادیمیای وێنەكێشانی تەواو كردووە و یەكەم پێشانگای تایبەتی وێنەكانیشی ٤٨ ساڵ لەمەوپێش كردۆتەوە.
ئەو بە بەرهەم و نیگارەكانی چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، هاوكات هەوڵی زۆری داوە زانیاریەكانی لەبواری نیگاركشیدا بگەیەنێتە گەنجان. ئۆزدەمیر سەڕەرای بەساڵاچونی ، لە وێنەكێشان بەردەوامە.
ئۆزدەمیر لە هەڤپەیڤێنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە دەستپێكی كاری نیگاركێشی كرد و گوتی: "من لای یەكێك لە مامۆستا هەرە باشەكانی نیگاركێشان وانەم خوێندووە، ئەویش زەكی فایەق بوو، دەبێ هونەر لە مۆزەخانەكانەوە فێر بیت، لەناو توركیادا مۆزەخانەیەكی وای لێ نیە تا لێیەوە هونەر فێربیت.
ئۆزدەمیر ئاماژەی بە قۆناغی كارەكانی كرد و بەسەر ٩ قۆناغی جیاوازدا دابەشی كردن، لەوانە قۆناغی قوتابخانە، قۆناغی رۆمانسی، شا و شازادەكان، كوڕی پادشا مێشولە، هونەری تێهەڵكێش كردن (كۆلاج) و سێ رەهەندی، قۆناغی راستیەكان، بنەچە، لێدانی پیانۆ لەگەڵ زۆ ركەس، نیو ئەلیمێنتاریزم (نەخشەسازی) و زنجیرەی دۆنكیشۆت.
ئەو باس لەوە دەكا كە ناكرێ بەزۆر واتا بدەیتە نیگارێك بەڵكو ئەو نیگارە خۆی واتا بۆخۆی بەدەست دێنێ و دروستی دەكا.
ئۆزدەمیر لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "ئەگەر لەگەڵ كارەكەتدا دڵسۆز بیت، ئەوا هونەرەكەت مانای دەبێ، گەر پلان بۆ نیگارێك دابڕێژی و لێهاتوو بیت و لە ناخەوە كارت كرد، ئەوەی كە دێتە مێشكت بیكەیتە نیگار، ئەوا سەركەوتوو دەبی."
ئۆزدەمیری نیگاركێش كە ئێستا لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدایە بەنیازە سایتێكی ئینتەرنێت بكاتەوە و بەرهەمەكانی خۆی تێدا نیشان بدات و بە هەموو جیهانی بناسێنێ.
ئۆزدەمیر ئێستا پێشانگایەكی كردۆتەوە لە گالەری هونەری ARC و تا ٢٠ ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێ.