Ozhin Jola
12 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2021
کەرکووک – AA
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانبەرانی ھەڵکەندن لەسەرجەم شارەکانی عێراق دژی پێدانی پرۆژەی ھەڵکەندنی بیرە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوت بەکۆمپانیا بیانییەکان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد ھەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان بەوان بسپێرێت.
ئەو فەرمانبەرانەی کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ماوەی دوو ساڵە ھیچ پرۆژەیەکی ھەڵکەندنی بیر بەوان نەدراوە و بەتێچوویەکی زۆر دراوە بەکۆمپانیا بیانییەکان.
مەعەن فەلاح فەرمانبەری بەشی ھەڵکەندن لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەزارەتی نەوتی عێراق پرۆژەی ھەڵکەندنی بیرە نەوتی بە ٧٠٠ ملیار دینار داوە بە کۆمپانیایەکی بیانی لەکاتێکدا بەشی ھەڵکەندنی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور زیاتر لە ھەزار بیرە نەوتی کردووە لەسەرجەم شارەکانی عێراق، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ھیچ پرۆژەیەکی ھەڵکەندنی بیرمان پێ نادرێت لەکاتێکدا ئێمە بەرھەمی خۆماڵین و بەتێچوویەکی زۆرکەمتر لە کۆمپانیا بیانیەکان کار دەکەین، بەڵام پرۆژەکانمان پێ نادرێت".
مەعەن فەلاح گوتیشی: "ئێمە کەرەستەی تەواو و کاملمان بۆ ھەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان لەبەردەستە و خاوەن ژێرخانێکی باشین و ئەزموونێکی زۆرباشمان ھەیە لە ھەڵکەندنی بیرە نەوت لە عێراق".
لێپرسراوی بەشی پەیوەندیەکان لە کۆمپانیای ھەڵکەندنی عێراق، عەبدولقادر عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ئێمە ماوەی چەند ساڵێکە لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە پشتگوێخراوین و ھیچ پرۆژەیەکی ھەڵکەندنی بیرە نەوتیەکانمان پێ نادرێت و لەبری ئێمە ئەرکی ھەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان دەدرێتە کۆمپانیا بیانییەکان".
عەبدولقادر عەزیز گوتیشی: "ئێمە تەواو ئامادەین بۆ ئەو پرۆژانەی دراوە بە کۆمپانیا ئەھلییەکان و لەتواناماندا ھەیە ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکەین بۆیە لامان سەیرە کۆمپانیایەکی بیانی ئەو پرۆژانەی ئەنجام بدەن و ئێمە بێکار دابنیشین.
بەشی ھەڵکەندن لە ھەموو عێراق خاوەنی ھەشت ھەزار و ٥٠٠ فەرمانبەرە و تەنھا لە کەرکووک زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ فەرمانبەری ھەیە.