Heman Hussein Yaseen
09 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2024
هەولێر -AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی خۆ تۆمارکردنی بۆ هاوپەیمانی، حزب، پاڵێوراو و پێکهاتەکان درێژکردەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە کردووە کە بۆ ئەو هاوپەیمانی، حزب، پاڵێوراوانی تاکەکەس و پاڵێوراوانی پێکهاتەکان کە ئارەزوومەندن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ ی پەرلەمانی کوردستان-عێراقدا بکەن ئەوا خۆ تۆمارکردن تا ڕۆژی دووشەممە ١٥ ی تەممووزی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر خۆ تۆمارکردن لە ٤ی تەمووز کۆتایی هاتبوو، بەڵام جارێکی دیکە ئەو وادەیە درێژکرایەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیەتی و حزب و پاڵێوراوان بتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی ٢٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆجاری چوارەم وادەی بەڕێوەچوونی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی بۆ ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دیارییکرد.
هاوکات دوێنێ دووشەممە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی گشتی ھەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە و ڕاگەیاند کە ٣ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٣٦٠ دەنگدەر ھەیە و ڕاشیگەیاند کە لەو ژمارەیە تا ئەمڕۆ ٢ ملیۆن و ٩٠١ هەزار و ٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەرهێناوە.