Sarmand Hameed
23 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2022
هەولێر - AA
چاوەڕێ دەکرێت هەریەک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بە نوێنەرایەتی هاوپەیمانی سەروەریی لە هەولێر کۆببنەوە.
هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سەروەریی کە دوای یەکگرتنی هەردوو هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم پێکهێنرا، لێتێگەیشتنیان هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی.
دوێنی دووشەممە، رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە شوێنی مانەوەیە لە حەنانە لە پارێزگای نەجەف گەیشتە بەغدا و بەپێی زانیارییەکان، هاتنی سەدر بۆ بەغدا بەمەبەستی ئەو کۆبوونەوەی سێقۆڵییە بوو کە پێشتر مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدر لەسەری رێکەوتبوون.
پێشبینی ئەوە دەکرا کە ئەو کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەبارەی دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار کە بڕیارە سبەی چوارشەممە بەڕێوەبچێت، کۆبوونەوەکەدا دواخرا.
بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕێ دەکرێت ئەو کۆبوونەوە چاوەڕانکراوە دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەبارەی دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار، لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
بەپێی ئەنجامەکانی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆک، بافڵ جەلال تاڵەبانی ١٨ کورسی، هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا.
هەریەک لە رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی کە لە هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم پێکهاتووە، لێکتێگەیشنیان هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی و لەسەر ئەم بنەمایەش دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردرا کە کاندیدی هاوپەیمانیی سەروەریی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر، حاکم زاملی بە جێگری یەکەم و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردران.
موقتەدا سەدر کە رەوتەکەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە، خواستی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی هەیە جیاواز لە هێزە شیعەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی کە داوای پێکهێنانی حکوومەتی تەوافوقی دەکەن کە هاوشێوەی حکوومەتەکانی پێشوو سەرجەم هێزە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران لەخۆبگرێت.
سەدر بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە شیعەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی جگە لە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، ئەمەش لەلایەن هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی رەتدەکرێتەوە.
رێبەری رەوتی سەدر رەخنەی ئەوە لە نوری مالیکی دەگرێت کە بۆ ماوەی دوو خولی یەک لەدوای یەک (٢٠٠٦-٢٠١٤) سەرۆکایەتی حکوومەتی دەکرد، بە "گەندەڵی و کردەی توندوتیژی" لە وڵاتەدا و هەروەها داگیرکردنی رووبەری یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لە هاوینی ٢٠١٤دا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە.