Heman Hussein Yaseen
01 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2024
هەولێر - AA
ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ١٧ مانگدا زیانی ١٩ ملیار دۆلاری بە عێراق گەیانددووە و، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ( ئەپیکۆر) ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نیە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە هەوڵی ئەوەدان لە ماوەیەکی کورتدا نەوت لە ڕێگای بۆڕی عێراق و تورکیاوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکەنەوە.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) مایڵز کاگینز ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نییە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرھەمھێنانی نەوت چاوەڕێی پێشنیاز و ڕۆڵی بەرپرسانی بەغدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئەپیکۆر لە هەشت کۆمپانیای بیانی پێکدێت، هەروەک کاگینز ئاماژەی پێکردووە لە هەماهەنگی و پەیوەندیدان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە لە ڕێگای بۆڕی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان.
کاگینز جەختی لەوەشکردووەتەوە کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە لەماوەی ١٧ مانگدا، بڕی ١٩ ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە، هەروەها وەک ئەپیکۆر داوایشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە کە بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزی بەرھەمھێنانی نەوتی نێوان ئەیلوولی ٢٠٢٢ و ئاداری ٢٠٢٣ـی پێ بداتەوە.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەیانەوێت گفتوگۆ لەسەر هەمواکردنەوەی گرێبەستەکان بکەن و، ڕاشیگەیاندووە کە کۆمپانیاکان داوا دەکەن پارەی فرۆشتنی نەوتیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێ بدرێت.
کاگینز ڕاشیگەیاندووە کە چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە بەغدا سەرکردایەتی پرسی نەوت بکات بە تایبەت ئەو بەڵێنانەی محەمەد شیاع سوودانی بە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدنی داوە کە کاری لە پێشینەیان دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتە بۆ بەندەری جەیهان.
لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا کە ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیلیش لە کەرکووکەوە هەناردە دەکرا.
هاوکات شاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا چەندین جار کۆبوونەتەوە، دواترینیان سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣دا، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی لە بەغدا، ڕێککەوتنێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم واژووکرا، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە کاری پێنەکراوە و ئەم دۆخەش بووەتە ھۆی ڕاوەستانی پڕۆژەکانی حکوومەت و دروستبوونی کێشە لە بوودجە و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمدا.