چەند بڕیارێکی نوێ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ھەولێرەوە
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر: "لە ڕۆژانی جەژنی رەمەزاندا، ھاتووچۆی ھاوڵاتییان بەپابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئاسایی دەبێت".
Arbil
ھەولێر - AA
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند: "ئەنجامدانی رێورەسمی نوێژی جەژن لەمزگەوتەکان لەسنووری پارێزگای ھەولێر ڕێگەپێدراوە، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارین لە مامۆستایانی ئاینی ھەروەک چۆن لەرابردوودا ھاوکارمان بوون لە ھۆشیارکردنەوە و گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزی بەھەمان شێوە لە پابەندکردنی نوێژخوێنان بەڕێنمایی و رێکارەکانی خۆپارێزی ھاوکاربن".
دوابەدوای راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی پێویستی درایە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە گونجاندنی لەگەڵ باردودۆخەکە لە رۆژانی جەژی رەمەزان.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، بەسەرپەرشتی پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو، و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، ئەندازیار عەلی رەشید ئەم رێکارانەی کە لە خوارەوە دیاریکراون دەکردووە:
یەکەم/ لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، ھاتووچۆی ھاوڵاتییان بەپابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی ئاسایی دەبێت.
دووەم/ ھەموو جۆرە گردبوونەوە و قەرەبالغییەک لە شوێنە گشتیی و گەشتیارییەکان بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
سێیەم/ ئەنجامدانی رێورەسمی نوێژی جەژن لەمزگەوتەکان لەسنووری پارێزگای ھەولێر رێگەپێدراوە، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارین لە مامۆستایانی ئاینی ھەروەک چۆن لەرابردوودا ھاوکارمان بوون لە ھۆشیارکردنەوە و گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزی بەھەمان شێوە لە پابەندکردنی نوێژخوێنان بەڕێنمایی و رێکارەکانی خۆپارێزی ھاوکاربن، داواش لە نوێژخوێنان دەکەین پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی.
چوارەم/ قەدەغەی ھاتوچۆی لە نێوان ھەولێری پایتەخت و پارێزگاکانی تری خوار و ناوەڕاستی عێراق وەک خۆی دەمێنێتەوە بە پێی ئەو رێکارانەی کە لە بەیانی ژمارە (١٥)ی ساڵی ٢٠٢١ دیاری کراوە.
پێنجەم/ وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، لەڕابردوو و لە ئێستادا ھەر رێکارێک گیرابێتەبەر لەپێناو سەلامەتی گشتیی و ھاوڵاتییان بووە، لەم دۆخەی ئێستاشدا بەرپرسیاریەتی گەورە لە سەرشانی خودی ھاوڵاتییاندایە، لەبەر ئەوەی تاکپارێزی و خۆپارێزی لەوبارودۆخەدا ھۆکارێکی سەرەکی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی گشتییە لەشارەکەمان.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن