پێکهاتەی تورکمان لە پردێ خۆپێشاندانیان دەستپێکرد

Arbil
هەولێر - AA
سەرەتای ئەم هەفتەیە، پێکهاتەی تورکمان لە شارەدێی پردێ (ئاڵتوون کۆپری) داواکارییەکیان دا بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و تێیدا داوای یەکێک لە پۆستەکانی، بەڕێوەبەری شارەدێ، بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری شارەوانی بۆ پێکهاتەی تورکمان کرد و ئەمڕۆ پێنجشەممەشیان وەک دوا مۆڵەت دیارییکرد.
تا ئێستا لایەنە فەرمییەکان وەڵامی داواکارییەکانییان نەداوەتەوە، بە هۆیەوەش ژمارەیەکی زۆر لە تورکمانی نیشتەجێی پردێ، وەک ناڕەزایەتییەک لە سەنتەری شارەدێیەکە گردبوونەوە و دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.
لە میانی خۆپێشاندانەکەدا، لیژنەیەک لە دەزگای ئاسایشی عێراق سەردانی شوێنەکەی کرد و لەگەڵ سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندانەکە کۆبوونەوە و هۆشدارییاندا و جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت هیچ دامودەزگایەکی حکوومەت زیانی پێبگات لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە.
خۆپێشاندەران ماوەی یەک کاتژمێریان وەک دوا مۆڵەت داناوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانییان و بە گوتەی خۆیان دوای ئەو وادەیە شەقامی سەرەکی هاتوچۆی نێوان هەولێر و کەرکووک دادەخەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەتای هەفتەیە، ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانیی پردێ نیگەرانی لەلای پێکهاتەی تورکمان لێکەوتەوە و گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
شارەدێی پردێ سەر بە قەزای دووبزە لە پارێزگای کەرکووک، هەردوو نەتەوەی کورد و تورکمان تێیدا دەژین و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەریەک لە پۆستی بەڕێوەبەری شارەدێ، بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری شارەوانی لەلایەن پێکهاتەی کوردەوە بەڕێوەدەردرێت.
هاوکات هەریەک لە پۆستی، بەڕێوەبەرانی کارەبا، ئاو، گەیاندن، بانک، نەخۆشخانە و تۆماری خانووبەرە لەلایەن پێکهاتەی تورکمان بەڕێوەدەبردرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن