Zana Natık Kerem
16 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2026
لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبوار تەھا لە پۆستی پارێزگار پەسەند کراوە و محەمەد سەمعان وەک پارێزگار ھەڵبژێردرا.
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامدرا.
لە دانیشتنەکەدا لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ١٤یان ئامادەبوون کە بریتیبوون لە پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شەش ئەندامی فراکسیۆنە عەرەبەکان، دوو ئەندامی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیی و ئەندامی پێکھاتەی مەسیحی.
ھاوکات دوو ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون.
بەر لە دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەپێی ڕێککەوتنەکەی ھوتێل ڕەشید، ڕێبوار تەھا نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگار پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە کردبوو.
لە دانیشتنەکەدا، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبوار تەھا لە پۆستی پارێزگار پەسەند کراوە.
دواتر سەرۆكی بەرەی توركمانی، محەمەد سەمعان لە کۆی ١٤ ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنەکەدا بە دەنگی ١٢یان بە پارێزگاری کەرکووک، ھەڵبژێردرا.
ئەوەیش بۆ یەکەمجارە کەسێکی تورکمان دەبێتە پارێزگاری کەرکووک.
کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١٦ کورسی پێکھاتووە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنج کورسی ھەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو كورسی، ھاوپەیمانی عەرەبی کەرکووک سێ کورسی ، ھاوپەیمانی قیادە دوو کورسی، ھاوپەیمانی عروبە یەک کورسی، بەرەی تورکمانیی دوو کورسی پێکھاتەی مەسیحیش یەک کورسییان ھەیە.
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و ھاوپەیمانی عەرەبی، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھوتێلی ڕەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو کە لە میانیدا ھەریەک لە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، ڕێبوار تەھا بە پارێزگار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی "قیادە"، محەمەد ئیبراھیم حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی بابلیۆن (کۆتای مەسیحی)، ئەنجیل زیا شیبا بە بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵبژێردران.