Heman Hussein Yaseen
01 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا دەربارەی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەوەی خستووەتەڕوو کەچەندین جار ھۆشدارییانداوە لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە بۆ ئەوەی ھێزێکی ھاوبەشی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزن.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دا ھاتووە: "لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ۱۰ی پیادە یان دا لەبەرزاییەکانی (زورگەزراو) لەسنوری میحوەری پێنج. پەلامارەکە لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ درایەوەو تیرۆریستان راونران".
لە بەشێکی راگەیاندراوەکە ئەوەشخراوەتەڕوو کە، "ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەمیشە ساز و ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ھەرێم و ناوچەکە ناشێوێنیت".
وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایشی کردووە کە: "پێشتر چەندین جار ھۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە. بەداخەوە، ھۆکاری ئەو ھەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنی یە، کە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە، بۆ ئەمەش جەختدەکەینەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەھێزی ھاوبەش و ھاوکاری و ھەماھەنگی گشتگیر و ھەمەلایەن ھەیە لەگەڵ سوپای عێراقدا".
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکە، وێرای پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەھیدان، وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە کە، "بەتیرۆریستان رادەگەیەنن، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی دەبێت بۆ ئەو ھێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیاییش دەدەن بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە پارێزراو دەبێت".