Heman Hussein Yaseen
26 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2024
هەولێر - AA
ئێوارەی ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.
بە پێی زانیارییەکان، کاتژمێر ١٨:٤٥ خوولەکی ئێوارە، کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بە گەورەترین کێڵگەی غازی سرووشتی لە عێراق دەژمێردرێت، هێرشی کراوەتە سەر.
بە هۆی هێرشەکەوە کە تا ئێستا وردەکارییەکەی بە تەواوی دیار نییە، چەند کەسێک لە کارمەندانی ئەمنی کێڵگەکە بریندار بوون.
تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکان و یان بەرپرسانی کێلگەکە هیچ زانیارییەکان لەمبارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم سەر بە قەزای چەمچەماڵ، سدیق محەمەد بە میدیا خۆجێیەکانی ڕاگەیاندووە کە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە مووشەک بۆردوومان کراوە و تا ئێستا نەزاندراوە ئەو مووشەکانە لەکوێ هەڵدراون.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار کێڵگەکە بۆردومان کراوە، تا ئەو ئاستەی کە بووەتە هۆی وەستاندنی ئیش و کارەکانی. "گرووپە لە یاسا دەرچووەکان" لە عێراق، بە هێرشکردنە سەر کێڵگەکە تۆمەتبار دەکرێن.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی غازی سرووشتی عێراقە کە بە پێی خەملاندنەکان زیاتر لە هەشت ترلیۆن یەدەگی غازی سرووشتی لە خۆ دەگرێت.
کێڵگەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە و بەشێک لە کارەبای هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ دابین دەکات.