Heman Hussein Yaseen
07 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بڵاوی کردەوە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتووێژیان لەبارەی ھەڕەشە ئەمنی و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کرد کە بنکەی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق و ھاووڵاتییانیان کردە ئامانج و بووە ھۆی شەھیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و ھاووڵاتی.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی ھەوڵەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ ھەماھەنگیی تەواو لەنێوان ھێزە چەکدارەکانی عێراقدا بە پێشمەرگە، سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی دیکەشەوە، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی بۆشاییی ئەمنیی نێوان ھەردوولادا.
راشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختیشی لەسەر پێویستیی کارکردن بۆ چالاککردنی لیژنە ھاوبەشەکانی ھەماھەنگیی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا کردووەتەوە بۆ بەرپەرچدانەوە و دەرکردنی پاشماوەکانی داعش و بنبڕکردنیان کە لەسەر عێراق و کۆی ناوچەکە بوونەتە مەترسی.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و تەواوی ئامادەیی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ ھاوکاریی و ھەماھەنگیی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکاندا دووپاتکردووەتەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی لە سەرانسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.