Heman Hussein Yaseen
26 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2026
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماری ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستانی لە میانی ٥١ ڕۆژی ڕابردوو بڵاوکردەوە.
لەمیانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، ژمارەیەک ھێرش کرانە سەر ھەرێمی کوردستان و بووە ھۆی گیانلەدەستدانی ٢٠ کەس و برینداربوونی ١٢٣ کەسی دیکە، ئەمە وێرای زیانگەیاندن بە ژمارەیەکی ۆزر لە موڵک و ماڵی ھاووڵاتییان.
فەرمانگەکە بڵاویکردووەتەوە کە: "بەپێی داتاکان، ھەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشداری جەنگەکە نین و زۆرترین زیانی گیانی و ماڵییان پێگەیشتووە کە لەمیانی جەنگەکەدا ٢٠ شەھید و ١٢٣ بریندار ھەبووە".
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەکە، لە ٢٨ی شوبات تا ٢٠ی نیسان، ٨٠٩ ھێرش کراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان و لەو ژمارەیەش ٧٠١ ھێرشی دڕۆنی و ١٠٨ ھێرشی مووشەکی بووە.
پارێزگای ھەولێر بە پلەی یەکەم دێت کە ٤٧٧ ھێرشی کراوەتەسەر کە بریتی بووە لە ٤١٩ دڕۆن و ٥٨ مووشەک بە هۆیەوە ١٠ کەس گیانییان لەدەستداوە و ٨٣ کەسیش برینداربوون.
ھەروەھا پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە بە پلەی دووەم دێت کە ٢٣٥ ھێرشیان کراوەتە سەر و کە ١٩٤یان بە دڕۆن و ٤١یان مووشەک بووە و بەھۆیەوە سێ کەس گیانییان لەدەستداوە و شەش کەسیش برینداربوون.
ھاوکات پارێزگای دھۆکیش ٢٩ ھێرشی دڕۆنی کراوەتەسەر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٦٨ ھێرشی کراوەتەسەر کە ٥٩ لەوانە ھێرشی دڕۆنی و ٩ ھێرشیش مووشەکی بووە کە بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی حەفت کەس و برینداربوونی ٣٤ کەسی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە کە بەھۆی ھێرشەکانەوە ٧٢٦ ھاووڵاتی لە پارێزگای ھەولێر، زیان بە ماڵ و موڵک و ئۆتۆمبێلەکانییان گەیشتووە، ھەروەھا لە پارێزگای سلێمانیش دەیان ھاووڵاتیی زەرەمەندبوون و لە پارێزگای دھۆکیش زیاتر لە ١٣ جار ھێرش کراوەتە سەر کۆمپانیای کەرتی تایبەت و زیان بە ھاووڵاتییان گەیشتووە. ھاوکات لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٣٥ ھاووڵاتی بەھۆی ھێرشەکانەوە زیان بە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانییان گەیشتووە.