Zana Natık Kerem
10 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2026
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕايگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەت بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بنکەیەکی زانیاریی دامەزرێندراوه کە شەش ملیۆن پارچە چەکی تیایدا، ھەروەھا ٧١ بارەگای وەھمیان داخستووە کە بانگەشەی ئەوە دەکرا، سەربە حەشدی شەعبی بن.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمیی عێراق بڵاوکردەوە کە سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنى سەربە وەزارەتی ناوخۆ، لیوا میقداد میری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە دوای ئەوەی لێژنەیەکی تایبەت بە سنووردارکردن و ڕێکخستنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠١٨ پێکھێنرا، لیژنەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە، بنکەیەکی زانیاریی دامەزراندووە کە شەش ملیۆن پارچە چەکی تیایدا.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی سەربە وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش کرد لیژنەکە تا ئێستا، ٧١ بارەگای وەھمیی داخستووە کە بانگەشەی ئەوە دەکرا سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی بن، ھەروەھا ١١٩ دوکانی فروشتنی چەک و دوکانی مۆڵەت بەسەرچووی داخستووە.
میقداد میری ئاماژەی بەوەشدا کە تا ئێستا، ١٦٠ ههزار و ٧٥٩ مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک دراوە بە ھاووڵاتییان و لە کاتێکدا ٥٥ ھەزار و ٢٦٤ پارچە چەک کە لە ئەستۆی وەزارەتە مەدەنییەکانەوە گوازراونەتەوە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ و گوتیشی: "زیاتر لە نیو ملیۆن پارچە چەک لە چوارچێوەی داواکارییەکانی ھاووڵاتییاندا، تۆمار کراون".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی سەربە وەزارەتی ناوخۆ، لیوا میقداد میری ئەوەشی خستەڕوو کە لیژنەکە، بەدواداچووني بۆ ١٤٣ ھەزار و ٣٠٩ چەکی دزراو کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە بەدواداچوونی بۆ چەکی ١٣٤ کۆمپانیای ئەمنیی تایبەت کردووە ، جگە لەوەش دەستی بەسەر ٢١ ھەزار و ٢٢٤ پارچە چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە و ڕاشیگەیاند: "لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی لیژنەکەدا، ٢٧٧ ھەزار و ٢٧٨ پارچە چەک لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە ڕادەستی لایەنی عێراقی کراون".
ھەروەھا لیوا میقداد میری گوتی: "لێژنەکە لە ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، دەستی بەسەر ٤٩ دڕۆندا، گرتووە".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی سەربە وەزارەتی ناوخۆ جەختیشی لەوە کردەوە، ھەر دڕۆنێک لە دهرهوهي ياسادا ئەرکەکانی ئەنجام بدات، ئهوه وەک کردەی تیرۆریستی ھەژمار دەکرێت و خاوەن دڕۆنەکهش بەپێی یاسای دژەتیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لیوا میقداد میری ڕاشیگەیاند کە تا ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت و داواشی لە ھاووڵاتییان کرد ک پەلە بکەن لە تۆمارکردنی چەکەکانیان پێش کۆتایی ھاتنی ماوەی دیاریکراو و ھۆشداری ئەوەشی دا، دوای کۆتایی ھاتنی وادەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت ، ھەر چەکێکی بێ مۆڵەت تۆمار نەکرابێت، ئەوە وەک چەکێکی دەرچوو لە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.