Zana Natık Kerem
03 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2024
هەولێر - AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕایگەیاند، شارۆچکەی قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە بۆردومان کراون کە ئەوەش پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە کە شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار و ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە بۆردومان کراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنجامدانی ئەو هێرش و بۆردومانانەی ئەمریکا، لە کاتێکدایە کە عێراق بەجیددی هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکە دەدات.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بۆردومانەکانی ئەمریکا، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن و هەوڵەکانی حکوومەتی عێراقیش بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە لەناودەبن، هەروەها دەبنە هەڕەشە کە عێراق و ناوچەکە بەرەو دەرئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان ڕادەکێشێت کە لێکەوتەکانی کارەساتبار دەبن بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە".
پێشتر فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە شەوی ٢ لەسەر ٣ی ئەم مانگە لە میانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانيیدا، ٨٥ ئامانجیان لە عێراق و سووریا بۆردومان کردووە.
ئاماژەی بەوەشدابوو، ئەو ئامانجانەی کە لە عێراق و سووریا بۆردومان کراون، سەربە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بوون.