Heman Hussein Yaseen
26 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2020
ههولێر - AA
شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر سەردانەکەیان بۆ بەغدا، سەردانی پەرلەمانی کوردستان-یان کرد.
شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە بەسەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و ئەندامییەتی وەزیری پلاندانان، دارا رەشید و وەزیری کارەبا، کەمال محەمەد و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم مەبەستی حستنە ڕووی ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا، سەردانی پەرلەمانی کوردستان-یان کرد.
دوای گەیشتنیان بۆ پەرلەمان، لەلایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمان، ئەردەلان محەمەد پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوە دەستی پێکرد.
ھەفتەی رابردوو، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی نەوت و غاز، بوودجە و کارەبا سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کۆبوونەوە.
- کۆمەڵی ئیسلامی: ''بۆمان دەرکەوت کە شاندەکە گەشبین نییە بەو بەشەی بوودجەی عێراق بۆ کوردستان بینێرێت''
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ''دوای ئەو سەردانەی بۆ بەغدا کردبوویان، ئەمرۆ لەگەڵ شاندی ھەرێم کۆبووینەوە و شاندی حکوومەتی ھەرێم، وردەکاری سەردانەکەیان بۆ باسکردین، لەو کۆبوونەوەیە بۆمان دەرکەوت کە شاندەکە گەشبین نییە بەو بەشەی بوودجەی عێراق بۆ کوردستان بینێرێت.
عەبدولستار مەجید گوتیشی: ''ئەوەی لێی تێگەیشتووین، حکوومەتی عێراقی بە نیاز نییە لەم قۆناغەدا، ئەو بەشە بوودجەیە بنێرێت كه شاندەکە خۆشیان گەشبین نین ئەو ٤٥٣ ملیار دینارەی عێراق وەک بەشە بوودجەی ھەرێم دەینارد، بینێرێت''.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان راشیگهیاند ''ئێمە وەک فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی، بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە دەخەینە ئەستۆی سێ لایەنی پێکھێنەری حکوومەت، ئێمە بەرپرس نین لە دەرھاویشتەی ئەو حوکمرانییە کە ٢٨ ساڵە لە کوردستان دەکرێت''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی گوتیشی: ''لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەکرایەوە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت و ئەگەر ناکرێت ژیان دابین بکات، ئەوا با دەست لە کاربکێشێتەوە و ئەگەر یەکێکیش پڕۆژەی باشتری ھەیە با ئەوان دەرفەتیان پێ بدرێت''.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخەکە کرد و گوتی: ''حکوومەتی بەغدا بەرپرسیار نییە لەو دۆخە، چونکە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و چەندان بابەتی دیکەی ھەرێم لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ نەکراوە، ئەوەی ھەیە لەنێوان کوردستان و عێراق رێککەوتن بووە و جێبەجێ نەکراوە، بۆیە دەبێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە ھەڵگرێت''.
- هێمن هەورامی: "وەک پەرلەمانى کوردستان پشتیوانى لە هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێم دەکەین"
دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان، شاندی دانوستاندکارى حکوومەتی هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا لە کۆنگرەیەیکی رۆژنامەوانیدا، روونکردنەوەیان لەبارەی دانوستانەکان و هەروەها دیدارەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان دا.
سەرەتا جێگری سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، هێمن هەورامی رایگەیاند: "ئیمە لە پەرلەمانى کوردستان و لەسەرۆکایەتى پەرلەمان لە چوارچیوەى بەدواداچوون بۆکارەکانى حکوومەت و داوای کۆبوونەوەمان کردووە لەو شاندەى چۆتە بەغدا".
هێمن هەورامی وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵەکانی شاندی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا، گوتی: "وەک پەرلەمانى کوردستان پشتیوانى لە هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێم دەکەین".
دواتر وەزیرى دارایی و ئابووری هەرێمى کوردستان ئاوات شیخ جەناب کە سەرۆکایەتی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی دەکرد، لەبارەی هەولەکانیان بۆ میدیاکاران دوا و گوتی: "لە رۆژى ٢٠٢٠/٤/١٦ لەلایەن ئەمیندارى گشتى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە بریار دەرچووە بۆ راگرتنى بوودجەى هەرێمى کوردستان و لە ٢٠٢٠/٤/١٩ ئێمە وەک تیمى کوردستانى چووینە بەغدا و چەندین کۆبوونەوەمان ئەنجامدا و دواتر لەوێوە نووسراو بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران، بۆئەوەى بوودجەى کوردستان بنێردرێت و ئومێد دەکەین لەم نزیکانە وەلامەکەى بە ئەرێنی وەربگرینەوە".
ئاوات شیخ جەناب گوتیشی: "ئەوەى کە هەیە ئیمە لەسەر بابەتەکانى تری غاز و کارەبا و خانەنشینى و دەروازە سنوورییەکان گفتوگۆمان کردووە و چونە پێشی تەواو هەیە و هەوڵى کاربەدەستانى عیراق و ئەوانەى پەیوەندن بەو بابەتە هەیە لەنێویاندا سەرۆکى وەزیران و جێگرەکانى ئەمیندارى گشتى وەزیرانى عیراقى و سەرچاوە ئاوییەکان و وزیرەکان گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە و لەسەر ئاراستەى گفتوگۆکان ئاگادارن".