Sarmand Hameed
27 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2022
هەولێر - AA
ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین رایگەیاند، ناکرێت فیداکاریی گەلانی عێراق بۆ بنیاتنانی سیستەمی سیاسی سەقامگیر و خۆشگوزەرانی ژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی ببێتە قوربانیی و میللەت باجی هەڵەی هەندێک کەس بدات و داوای کرد تورکیا رۆڵی هەبێت لە شکاندنی بنبەستی سیاسی عێراق.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین کە بە سەردانێک لە بەغدایە، سەردانی باڵیۆزخانەی تورکیای کرد و لەلایەن باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، عەلی رەزا گونەی پێشوازیی لێکرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین، وێڕای پیرۆزبایی و ئومێدی سەرکەوتن بۆ عەلی رەزا گونەی بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، هاوکات رایگەیاندووە "یەکگرتوو وەک هێزێکی سیاسیی پەیوەندی ئەرێنی و باشی هەیە لەگەڵ هێز و لایەنەکان، هەروەها وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی، خاوەنی دیدگای پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانە لەسەر بناغەی بنەما دەستورییەکان".
سەبارەت بەدۆخی سیاسیی عێراق، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند "گەیشتنی پرۆسەی سیاسی بە بنبەست سەقامگیریی وڵاتی خستووەتە بەر مەترسییەوە، عێراق دوای هەموو رووداوەکانی رابردووی ئێستا لەهەر کات زیاتر پێویستی بە تەوافوقی نیشتمانیی هەیە، ناکرێت فیداکاریی گەلانی عێراق بۆ بنیاتنانی سیستەمی سیاسی سەقامگیر و خۆشگوزەرانی ژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی ببێتە قوربانیی و میللەت باجی هەڵەی هەندێک کەس بدات، گەیشتن بە چارەسەر ئاسانە، بەڵام گفتوگۆی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەی دەوێت، داواکارین وڵاتی تورکیا رۆڵی هەبێت لە شکاندنی بنبەستی سیاسی عێراق".
کردار و پەرچەکردارە سەربازیی و ئەمنییەکانی سنوور، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە و لەمبارەوە سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین رایگەیاندووە "چارەسەری سیاسی کۆتایی بە کێشەکان دێنێت".
لای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، عەلی رەزا گونەی وێڕای خۆشحاڵی پیشاندان بۆ ئەو سەردانە و سوپاسکردنی شاندی میوان، هاوکات نیگەرانی خۆی بۆ دۆخی سیاسی عێراق خستە روو.
عەلی رەزا گونەی رایگەیاندووە، ئەوان سوودیان لە دیدگای یەکگرتوو وەرگرتووە کە هەردەم واقعبینانە خوێندنەوە بۆ هاوکێشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی عێراق دەکەن. ئەزموونی یەکگرتوو لە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان، ئایینپەروەرانە و مرۆڤدۆستانەیە.
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا راشیگەیاندووە "ئێمەش وای دەبینین دیالۆگی نیشتمانیی چارەسەری دۆخی ئێستا دەکات و لەو پێناوەشدا یەکگرتووی ئیسلامی دەتوانێت رۆڵی ئەرێنی و کاریگەری هەبێت".
جێی ئاماژەیە، چەند رۆژێکە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین بە سەردانێک لە بەغدایە و زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەنجامداوە.