ھەولێر - AA
بە ھۆی پچڕانی ھێڵەکانی ئینتەرنێتەوە پێشێلکارییەکانی دژبە رۆژنامەگەری پەرەیان سەندووە و پێنج کەناڵی ئاسمانیش سووتێنران و پەلاماردران و پەخشیان راگیرا.
ئەو پێنج رۆژەی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی لەدژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان ھێڵەکانی ئینتەرنێتیان تیادا پچڕاند، ئەم وڵاتەی کرد بە گوندێکی دوورە دەستی دابڕاو لە جیھانی دەرەوە، لەپاڵ ئەوەشدا پەلاماردان و سووتاندن و ھەڕەشەکردن و راگرتنی پەخشی پێنج کەناڵی ئاسمانی دیمەنەکەی تاریکتر کرد و دەیان ئاژانسی ھەواڵی و رۆژنامەی ئەلیکترۆنی و کاغەزی راگیران.
ئازادی رادەربڕین و بڵاوکردنەوە؛ بەپێی دەستووری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە وەک ئەوەی دیارە، وەلێ ئەو رۆژە سەختانەی خۆپیشاندانەکان کە پتر لە شەش ھەزار و ١٠٠ بریندار و ١٠٤ کوژراوی لێکەوتەوە ئەو مافەی کرد بە مەرەکەبی سەر کاغەز، کردنە ئامانجی رۆژنامەنووسان و راوەدونانیان وای لەمانکرد شوێنەکانیان زوو زوو بگۆڕن و لە زەنگ لێدانی مۆبایلەکانیشیان بترسن.
ھەدیل قەیسی، کچە رۆژنامەنووسێکە بە ھۆی ئەوەی لەو پێنج رۆژەدا نەیتوانیوە ھیچ ھەواڵێکی ئەوتۆ لەسەر خۆپیشاندەکانی عێراق بۆ دەزگاکەی بکات، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە ئەو رۆژانە ھەموو بەغدا و عێراقیش ئیفلیج بوون، بێنە پێش چاوت بەھیچ شێوەیەک نەزانیت لە شارەکەتدا چی روودەدات لە وڵاتەکەت چی دەگوزەرێت و نەتوانیت ھەواڵ بە بیسەران و بینەران و خوێنەرانی وڵاتەکەت بگەیەنیت، ئەمە کارەساتە، بەداخەوە کە من بۆخۆم نەمتوانی بەھیچ شێوەیەک بچمە رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان، چونکە پێشتر ئاگادارکرامەوە کە ژیانی رۆژنامەنووسان سەلامەت نییە، ھەروەھا لەو ماوەیەدا نەمتوانی بچمە رۆژنامەش کە راگیرابوو".
لە نموونەی ھەدیل قەیسی کە رۆژانی ئاسایی کاری رووماڵکردنی رووداوەکان بوو لە پێش خۆپیشاندانەکانەوە زۆرن، ئەو بۆ ئانادۆڵو دەڵێت "پێشێلکاریی ئەوتۆ کرا لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە یەکەم جارە رووبدات، بەتایبەت پێشێلکارییەکانی دژبە کاری راگەیاندن کە عێراقی تەواو بردەوە بۆ دواوە".
کڵپەی خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم مانگە کە دروشمی بڕۆ "ارحل"ی لەدژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی تیادا بەرزکرایەوە و عێراق لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدابوو بەھۆی داتەپین و شێوە ئیفلیج بوونێکی سیاسەت لە عێراق تا دەھات زیاتر دەبوو، کوشتنی خۆپیشاندەرانیش ئەمانی پتر ھاندا بۆ رژانە سەر شەقامەکان و مانەوەیان تا درەنگانی شەو.
سەرۆکی کۆمەڵەی بەرگریکرن لە ئازادی رۆژنامەنووسی لە عێراق، مستەفا ناسر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پێشێلکارییەکانی دژبە کاری راگەیاندن لە رۆژانی خۆپیشاندانەکاندا دەکات و رایدەگەیەنێت "بە ھۆی بچڕانی ھێڵەکانی ئینتەرنێت زیاتر لە ١٠٠ ئاژانسی ھەواڵی و رۆژنامەی ئەلیکترۆنی و کاغەز بەتەواوەتی لەکارکەوتن، ئەو سەردەمە ناخۆشترین سەردەمێکە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، ئەگەر چی لەو کاتەوە بەردەوام پێشێلکاریی لەدژی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان ھەبووە، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازبوو، جگە لە پێشێلکارییەکی زۆر لەدژی رۆژنامەنووسان لەیەک کاتدا چەندین کەناڵی ئاسمانی سووتێنران و لە پەخشکردن راگیران و ھێرشی مووشەکییان کرایە سەر".
مستەفا ناسر کە لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات دەشڵێت "لەگەڵ دەستپێکردنی بریسکەی خۆپیشاندانەکان لە شەقامەکانی بەغدا رۆژنامەنووسان لە گۆڕەپانی تەحریر و تەیەران دوورخرانەوە و ئەو ناوچانەیان لێ قەدەغەکرا، ھەروەھا پێشێلکارییەکان لەدژیان دەستیپێکرد، دوو پەیامنێری کەناڵەکانی دیجلە و رەشید دەستگیرکران و دوای دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانییان و سڕینەوەی وێنەی کامێراکانیان بەچەند کاتژمێرێک ئازادکران، ئەم دیمەنە لە بەسرو و زیقاریش دووبارەبوویەوە دژبە پەیامنێری ئەسۆشییەتید پرێس و لە ناسرییەش دژبە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەمە روویدا".
ئەو دەشیگوت کە ھێزەکانی ئاسایش زۆر توندبوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ گواستنەوە و رووماڵی خۆپیشاندانەکان، قەدەغەکردنی ھاتوچۆ وایکرد رۆژنامەنووسان نەتوانن رووداوەکان بگوێزنەوە، ئەمەش پێشێلکارییەکانی زیاترکرد.
سێی ئەم مانگە رێکخراوی نێت بلۆکس بۆ چاودێریکردنی ئینتەرنێت رایگەیاند کە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە عێراق بچڕاوە لەنێویاندا بەغدای پایتەخت و ئاستی پەیوەندییکردن بۆ ٣٠ لەسەد دابەزیوە، رۆژی هەشتی مانگ ئینتەرنێت ھاتەوە و ھێشتا بەتەواوەتی لەھەموو عێراق و وەکو جاران کار ناکات.
مستەفا ناسر لە قسەکانیدا گوتیشی: "دواتر لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا ھێرشکرایە سەر چەند کەناڵێکی ئاسمانی و سووتێنران و پەخشییان راگیرا و تێکدران، ھەموو ئەوانەش لە رێگەی سێ بۆ چوار ئۆتۆمبیلی بێ تابلۆی جام رەشی بەرزەوە ئەنجامدران کە نزیکەی ٢٥ چەکداری جل رەشییان تیادابووە، سەرەتا ھێرشیان کردە سەر کەناڵی دیجلە لە کەڕادە و بە لێدان و قسەپێگوتن کارمەندانیان دەرکردووەتە دەرەوە و پاشان ئاگریان لە کەناڵەکە بەردا تا لە پەخشکردن راوەستا، پاشان چوونە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی لە شەقامی ئەبو نوئاس لە کارمەندانیان دا و ھێرشیان کردە سەریان و جنێویان پێداون و پاشان کەلوپەلەکانیان تێکداوە و شکاندووە، دواتر ھێرشکرایە سەر کەناڵەکانی عەرەبییە و عەرەبییە حەدەس و کارمەندانیان دەرکردووە و کارمەندێکیان بریندارکرد دوای ئەوەی دژی ئەو شێوازە وەستاوەتەوە، رۆژی دواتر واتە رۆژی یەکشەممەی رابردوو چەند مووشەکێک ئاراستەی کەناڵی فورات کران و بەھۆیەوە کارمەندێکی کەناڵەکە برینداربوو، ھەمان رۆژیش پەخشی کەناڵی رەشید لەژێر زەبری ھەڕەشە راگیرا".
مستەفا ناسر کە سەرۆکی کۆمەڵەی بەرگریکردن لە ئازادی رۆژنامەنووسییە لە عێراق کە یەکێکە لە رێکخراوە دیارەکانی بوارەکە لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە رووداوەکاندا کامێرامانێک بەقەناس کوژراوە، کارمەندێکی عەرەبییە حەدەس بریندارکراوە، چەند حاڵەتێکی غاز ھەڵمژیینیش لەنێو رۆژنامەنووساندا تۆمارکراون".
موستەفا ناسر باسی لەوەیشکرد کە بە ھۆی پچڕانی ھێڵەکانی ئینتەرنێت تەنانەت نەیانتوانیوە پێشێلکارییەکانیش وەکو پێویست بگەیەنن بە جیھانی دەرەوە، سەبارەت بە جیاوازیی پێشێلکارییەکانی ئەمجارە دەیگوت پێشتر رووینەداوە ھێزی چەکدار ھێرش بکاتە سەر کەناڵی ئاسمانی و ناچاری بکات بە راگرتنی پەخش و ئەمە عێراقی پتر بردە دواوە بەتایبەت لە بابەتی ئازادی رۆژنامەنووسی، ئەمە زۆر ترسناک بوو.
عێراق بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەکاری رۆژنامەنووسی و سەلامەتییان لە چەشنی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور، فریدەم ھاوس، لێبوردنی نێودەوڵەتی، ھێشتا لەریزبەندی مەترسیدارترین زۆنەکانی جیھانە بۆ پیشەی رۆژنامەنووسی و گیانی رۆژنامەنووسانی تیادا نەپارێزراوە، ساڵانەش عێراق لە ریزی ئەو وڵاتانە دەمێنێتەوە کە لە زۆنی رەنگ رەش دا دەمێننەوە کە بۆ رۆژنامەنووسان جێی مەترسییە.
بەمدواییانە بەشێک لەو وڵاتانەی پشێوییان تێدەکەوێت لە پێناو رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی پتری ئاڵۆزییەکان وەکو رایدەگەیەنن ھێڵەکانی ئینتەرنێت دەپچڕن، ئەم رووداوە لە چەند وڵاتێک بەر لە عێراق پێشینەی ھەیە.
سەرۆکی سەنتەری پارێزگاری لە رۆژنامەنووسانی مێینە، لەمیا عامری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی روونکردەوە کە ئەوەی لەو خۆپیشاندانانەی ئەمدواییە بەسەر راگەیاندنکاران و دەزگاکانی راگەیاندندا ھاتووە زۆر گەورە و قورسە، ئەو گوتیشی: "پێشێلکارییەکی زۆر لەدژی رۆژنامەنووسان کرا".
ئەو کە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکاندا لەگەڵ ژمارەیەک لە ھاوڕێیەکانی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا وەکو پاڵپشتییەک لەگەڵ خۆپیشاندەران رژانە سەر شەقام و نێو گۆڕەپانەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەرەخنەوە دەیگوت "بەداخەوە لەم خۆپیشاندانانە دەرکەوت بەشی ھەرە زۆری دەزگاکانی راگەیاندن بەکرێگیراو و بێ لایەن نەبوون، بەڵکو راگەیاندن بە سیاسیی کراوە و کەمترین قسەیان لەسەر پێشێلکارییەکان کرد، لەنێویاندا ئەو پێشێلکارییانەی لەدژی خەڵک و رۆژنامەنووسانیش کران".
لەمیا عامری یەکێکە لەو رۆژنامەنووسانەی لەگەڵ چەند ھاوڕێ و ئەندامێکی سەنتەرەکەیان بە ھۆی گازی فرمێسکڕێژەوە زیان بە تەندروستییان گەیشتبوو گوتیشی: "بەداخەوە بچڕاندنی ھێڵەکانی ئینتەرنێت وایکرد راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو پێویست کارنەکەن، ئەمەش وایکرد عێراقی لە جیھانی دەرەوە دابڕاندا، بەداخەوە جوڵەی ھاووڵاتییانیان بە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ ئیفلیج کرد، دەنگی ھاووڵاتییان بە پچڕاندنی ھێڵەکانی ئینتەرنێت کپکرد، ھەروەھا ئێمە نەمانتوانی بە ھیچ شێوەیەک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە دەنگی عێراقییەکان بگەیەنین بە جیھان و چەندین دەزگای راگەیاندن لەکارکەوتن بە ھۆی نەبوونی ھاتوچۆ و ئینتەرنێتەوە".
گوتیشی: "ئەوانەی خۆپیشاندەران و راگەیاندنیشیان کردە ئامانج حزبەکانن، میلیشیاکان و حکوومەتیش ھەموویان لێی بەرپرسن".
خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی عێراق ناوبانگی ئەم وڵاتەی لە رووی ئازادیی کاری میدیایی خستەژێر پرسیارەوە و ئەو مافانەی کە بە رۆژنامەنووس و راگەیاندن دراون کرد بەیەکێک لەو مافانەی ھێشتا بەتەواوەتی جێگیر نەکراون، ئەمەش بۆ لەمەودوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر راپۆرتی رێکخراوە جیھانییەکان دەبێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

