Arbil
ھەولێر - AA
دوای ٥٠ ساڵ لە چاوەڕوانی، ٥٠ھەمین پاڵەوانێتی گۆڵف بە بەشداری چەندین یانەی نێوخۆیی عێڕاقی لە ھەولێر دەست پێدەکاتەوە
پاڵەوانێتییەکە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵانی حەفتاکان بەڕێوەچوو بوو، دواتر لە ساڵی ١٩٧٦ ەوە ڕاگیرابوو، دوای نیو سەدە، جارێکی دیکە دەست بە پاڵەوانێتییەکە دەکرێتەوە.
ڕێکخەرانی ئەم پاڵەوانێتییە گرنگە جەخت لە بەردەوامیی چاڵاکییەکە دەکەنەوە و پێشبینی دەکرێت ئەم چاڵاکییە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕێژەی گەشتیارانیش ھەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، سەردار ئیسماعیل لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆمەڵێک یانە لە سەرتاسەری عێڕاق بەشدارن لە ٥٠ھەمین پاڵەوانێتی گۆڵف کە یەکێکە لەو یارییە مێژووییانەی کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانییەوە لە عێڕاق ئەنجام دەدرێت، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە دەستپێکی ئەم پاڵەوانێتییە لەناو پڕۆژەیەکی ھەولێرە و شوێنەکە بە شێوەیەکی زۆر تەکنیکی و کوالێتییەکی بەرز دروستکراوە و چاوەڕێ دەکەین لە داھاتوویەکی نزیکدا ببێتە ناوەندی لەخۆگرتنی چالاکییە نێودەوڵەتییەکان”.
یەکێک لە ڕێکخەرانی چالاکییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕەپانەکە تاکە شوێنە لە عێڕاق کە بەم شێوازە پێشکەوتووە دروستکرابێت و پاڵەوانێتی گۆڵفی لێ ئەنجام بدرێت.
یەکێک لە ڕێکخەرانی چالاکییەکە، سەلوا دلشاد گوتی: "لەم گۆڕەپانە کە ھەژدە گۆڵف کۆڕسی تێدایە، تاکە شوێنە لە عێڕاق کە بەم دیزاین و کوالێتییە بەرزە دروستکرابێت، لەم چالاکییەدا کۆمەڵێک یانەی نێوخۆیی لە عێڕاق بەشدارن و ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە کە یاریزانان دەتوانن پاڵەوانێتی گۆڵف ئەنجام بدەن".
گۆڵف یارییەکە کە تێیدا یاریزان ھەوڵدەدات تۆپێکی بچووک بە کەمترین لێدان بگەیەنێتە کونێکی دیاریکراو، ئەو یاریزانە گۆچانی تایبەت بەکاردەھێنێت بۆ لێدانی تۆپەکە.
بە گشتی یارییەکە پێکھاتووە لە ١٨ قۆناغ کە پێی دەگوترێت "ھۆڵ". ھەر ھۆڵێک درێژی و ئاستی جیاوازی ھەیە، یاساکانی یارییەکە زۆر وردن و پێویستە یاریزان پابەندی ھەموو یاساکان بێت کە گرنگترین یاسا ئەوەیە یاریزان دەبێت بە دروستی و ڕاستگۆیی یاری بکات و ھیچ ھەڵەیەک تۆمار نەکات
یەکەم پاڵەوانێتی ئەم یارییە دوای داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن بەریتانییەوە دەستی پێکرد و بەریتانییەکان لەگەڵ کەسایەتی و دەسەڵاتدارانی عێڕاق بە شێوەیەکی پاڵەوانێتی ئەنجامیان دەدا، کۆتاجار ٤٩ ھەمین پاڵەوانێتی ساڵی ١٩٧٦ ئەنجامدرا و دواتر ڕاگیرا، ئەمڕۆش دوای ٥٠ ساڵ، ٥٠ھەمین پاڵەوانێتی گۆڵف لە ھەولێر دەستی پێکردەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
