Zana Natık Kerem
19 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2026
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی ڕایگەیاند کە ھێشتا چوارچێوەی ھەماھەنگی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نەگۆڕیوە و ھەر نوری مالیکی بەربژێری چوارچێوەی ھەماھەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
بەڕێوبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھیشام ڕوکابی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "ھەرکەسێک ھەوڵی پێکھێنانی حکوومەت لە وادەی دەستوریدا بدات، پێویستە بڕیاری بوێرانە بدات، نەک بەردەوام بێت لە دواخستن یان لۆمەی دواکەوتنەکان بخاتە سەر لایەنەکانی دیکە".
ھیشام روکابی ڕاشیگەیاندووە، ھێشتا چوارچێوەی ھەماھەنگی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نەگۆڕیوە و ھەر نوری مالیکی بەربژێری چوارچێوەی ھەماھەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
بەڕێوبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕەتی کردووەتەوە کە ھۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ یەکلاییکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، نوری مالیکی بووبێت و ڕایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە ئەوەی دوورە لە ڕاستییەوە.
ھیشام ڕوکابی ھەروەھا ڕایگەیاندووە، " ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە بڕیارێکی ڕوونە، ھەروەک چۆن بەربژێکردنی نوری مالیکی بە زۆرینەی دەنگ بوو، دەتواندرێت بە ھەمان میکانیزم بکێشرێتەوە، ئەمەش بەبێ دواکەوتنی زیاتر، چونکە قۆناغی ئێستا بەرگەی دواخستنی زیادە ناگرێت".