Heman Hussein Yaseen
14 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2020
هەولێر - AA
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین روو لە زیادبوونە و بەھۆیەوە دڵەڕاوکێ لە بازاڕەکان دروست بووە و لە هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە خەڵکی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانییان، زێڕەکانییان دەفرۆشنەوە و گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانیش ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی کە زێڕ دەفرۆشرێت لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەڵام نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە.
گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر، هەندرێن وەرتی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا یەک ئۆنسی زێڕ کە دەکاتە ٣١ گرام و ١٠٠ سەنت بە ھەزار و ٨٠٨ دۆلاری ئەمریکییە، ئەو مامەڵەی کە ئەمڕۆ خەڵک دەیکات زیاتر بۆ پێداویستی و بژێوی ژیانییەتی و پێویستی بە دابینکردنی ئازووقە و کرێی خانوو هەیە، ئەو زێڕەی ھەیەتی دەیفرۆشێتەوە، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لە رابردوودا باری ئابووری خەڵک باش بووە و بەشێک لەو مووچانەی کە وەریانگرتووە، زێڕیان پێ کڕیووە و ئەمڕۆ سوودی لێ دەبیننەوە و دەیفرۆشێنەوە".
هەرچەندە بەپێی هاوکێشە ئابوورییەکان، کاتێک رێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان روو لە بازاڕەکانی زێڕ دەکەن بۆ فرۆشتنەوە، دەبووایە نرخی زێڕ دابەزێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، نرخی زێڕ بەشێوەیەک بەرزبووەتەوە کە لە پێنج ساڵی رابردوودا نەگەیشتووەتە ئەم نرخە و لەمبارەیەوە، هەندرێن وەرتی گوتی: "دەبووایە کە زێڕ دەفرۆشرێت نرخ دابەزێت، بەڵام لەبەر ئەوەی نرخی زێڕ جیھانییە و وڵاتانی وەک ئەمریکا و چین مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن لە بانکی نێودەوڵەتییش کە زێڕ بەرامبەر بە دۆلار پێوانە کراوە، لەوێ یاریی بە نرخەکە دەکەن".
هەندرێن وەرتی گوتیشی: "کاتێک کە وڵاتی چین رووی لە کڕینی زێڕ کرد، ئەوا هەریەک لە ئەمریکا، رووسیا، ئوستراڵیا و کەنەدا روویان لە کڕینی زێڕ کرد، لەڕاستیدا ئەگەر فرۆش زۆر بوو ئەوا نرخ دادەبەزێت، بەڵام ئەم فرۆشەی لە ناوخۆدا هەیە، کاریگەری ئەوتۆی نییە چونکە قەبارەکە کەمە و خەڵک لێرە بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانەی، زێڕ دەفرۆشرێت".
دوێنێ دووشەممە جارێکی دیکە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان درێژکرایەوە و بەگوتەی گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر، داخستنی فڕۆکەخانەکان کاریگەری راستەوخۆی کردبووە سەر بازرگاکان و دواتر توانراوە دەرچەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی مامەڵەکانییان بکەنەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "لە داخستنی فڕۆکەخانەکان، پێش هەموو کەس بازرگانانی زێڕ زەرەرمەندبوون، بەڵام سەندیکای زێڕینگەرانی ھەولێر بەھاوکاری لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و ھەماھەنگی لەگەڵ کارگۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، رێکارێکیان دۆزیەوە بۆ ئەوەی زێرە شکاوەکان بنێرنەوە بۆ تورکیا بۆ ئەوەی لەڕێگای ئەم جموجۆڵەوە بتوانرێت بازاڕ نەوەستێت و هەر ئەمەیش بووە هۆکار کە بازاڕ بەردەوام بێت".
لەبارەی ئامارەکانی هاوردەکردن و هەناردەکردنی زێڕ، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەران گوتی: "ساڵانە ئامارمان ھەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھیچ ئامارێکی دروستمان نییە، بەڵام زۆرترین مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، ئیمارات و دوبەی-یە و لەئێستاشدا مامەڵەی ئاڵوگۆڕی زێڕ لەگەڵ ئیستانبوڵ بەهێزە چونکە لەوێ بابەتی باج و ھەقدەست کەمترە".
ئەگەرچی پێشبینی دەکرێت کە دوای تەواوبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جموجۆڵی بازاڕ ئاسایی ببێتەوە، بەڵام گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر پێی وایە هەموو ئەگەرێک کراوەیە و رەنگە مامەڵەکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت و لەمبارەیەوە دەڵێت "زۆر لە ئابووریناسان پێشبینی دەکەن لەگەڵ نەمانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھێرشێکی گەورە بۆسەر زێڕ بچێت و تۆزێک نرخی بەرزتربێتەوە چونکە خەڵکێک دەیەوێت بۆ نموونە لە دوبەی بە کیلۆ زێر بکرێت، بەڵام ھەموو ئەگەرێکیش کراوەیە و رەنگە پشێبینییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت".