Zana Natık Kerem
24 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش رایگەیاند کە بەرەبەیانی دوێنێ ھەینی، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ھێرشکراوەتە سەر بنکەیەکیان لە نزیک شارەدێی ھەریر سەربە پارێزگای ھەولێر.
گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، واین مارۆتۆ بە میدیاکانی کوردی رايگەیاندووە کە بەرەبەیانی دوێنێ ھەینی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی ھاوپەیمانانی لە ھەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، بەڵام زیانی گیانی و ماددی نەبووە.
ھەر بەپێی میدیای کوردی، لیوای سائیرین سەربە مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەنراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە راگەیاندووە و ھاتووە "بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، ھێرشمان کردووەتە سەر ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی ھەریر لە کوردستانی عێراق".
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "بە ئەنجامدانی ھێرشەکە، زیانمان بە دووژمنەکانمان گەیاندووە".
ئەمەیش لە کاتێکدایە دوێنێ ھەینی، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی خولی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا لە واشنتۆن رایگەیاندبوو کە ھێشتا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق پێویستیان بە یارمەتی ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە مەشق و راھێنان و پرچەککردن.