Heman Hussein Yaseen
04 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2026
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حزبە سیاسییەکان کۆبووەوە و بڕیاریشە سبەی درێژە بە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی بدات.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێم، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان بە یاوەری کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر ئەرمان تۆپچو سەردانی بەرەی تورکمانیی لە ھەولێر کرد و لەلایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە ئایدن مەعروف پێشوازی لێکرا.
دوای سەردانەکەش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان گوتی: "خۆشحاڵم کە دوای ماوەیەکی زۆر، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە ھەولێرم. ئێمە توانیمان پێش ھەڵبژاردنی ڕابردوو سەردانی ھەولێر بکەین، پاشان بەھۆی دۆخی ناوچەکە تۆزێک کارەکان سست بوون، ئەمڕۆش سەردانەکەمان بۆ ھەولێر ئەنجامدا و سەرەتا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی و پاشان لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و کەمێک پێش ئێستاش لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبوومەوە و پاشان ھاتین بۆ بەرەی تورکمانیی وەک نوێنەری سەرەکی تورکمانەکانمان لە عێڕاق و لەگەڵ وەزیر و سەرۆکی لقی ھەولێری بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە کۆبوومەوە".
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان گوتیشی: "سبەی ھەینی ژمارەیەکی دیکە لە ھاوڕێیانی تورکمان دەبینین و لەگەڵیان کۆدەبمەوە. ھەروەھا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پیاوانی بازرگانی و پیشەسازییدا دەکەین و لە ڕێگای ئێوەشەوە (دەزگا میدیاییەکان) سڵاو و خۆشەویستی بۆ ھەموو خەڵکی ناوچەکە دەنێرم".
پاشان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی، ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر سەردانەکەی باڵیۆزی تورکیا و ڕاگەیاند کە ئەم سەردانە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە گرنگە و ئاماژە بە سەردانەکەشی بۆ بارەگای بەرەی تورکمانیی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان وەک ھەمیشە لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆیەوە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی، ئایدن مەعروف گوتی: "ئەم سەردانەی باڵیۆزی تورکیا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە گرنگیی خۆی ھەیە و ھەروەھا وەک سەرچاوەیەکی پشتگیرییش بۆ تورکمانەکانی ئێرە دەبیندرێت، ھەروەھا بوونی بەرەی تورکمانیی لە عێڕاق و ناوچەکە گرنگیی خۆی ھەیە و ئێمە ھەمیشە لە ڕێگای گفتوگۆیەوە داوای مافەکانمان دەکەین".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ھیوادارین لە داھاتووشدا ئەم جۆرە سەردانانە بەردەوام بێت و بەھەمان شێوە درێژە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین، جارێکی دیکە سوپاسی کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر دەکەین و ھەمیشە پاڵپشتمان بوونە".
بڕیارە سبەی ھەینی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان لە ھەولێر چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی ھەبێت و پاشان کۆتایی بە سەردانەکەی دەھێنێت و دەگەڕێتەوە بەغدا.