Heman Hussein Yaseen
17 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2026
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆ دەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، بابەتی وەرگرتنەوەی بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە و گرفت و چارەسەرەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەش کردووە کە بڕیاردان لەسەر بابەتی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان ھەبووە دەخرێتە ڕوو.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە بڕگەی سێیەمدا، بابەتی ڕاگرتنی سوودمەندیی خاوەن داھاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی، کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی لە خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت و تایبەتکردنی بە خاوەن داھاتە سنووردارەکان، گفتوگۆ دەکرێت.