Heman Hussein Yaseen
01 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2026
ئەمڕۆ چوارشەممە یەکی تەمووزی ٢٠٢٦، پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان-عێراق دەست پێدەکات و پشووەکە تا یەکی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئەمڕۆ یەکی تەمووز، پشووی ھاوینەی پەرلەمان دەست پێدەکات، خوولی شەشەمی پەرلەمان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە ھەڵبژێردراوە ماوەی زیاتر لە ساڵێک و ھەشت مانگە، تەنیا یەک کۆبوونەوە ئەنجامدراوە ئەویش تییدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردووە.
لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا، ئەمە پێنجهەمین جارە پەرلەمانی کوردستان-عێراق دەکەوێتە پشوو، لەم ماوەیەشدا تەنیا یەک کۆبوونەوەی کردووە و کۆبوونەوەکە تا ئێستا بەکراوەیی بە جێهێڵدراوە.
لەم ماوەیەدا پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان، ١٤ مووچەیان وەرگرتووە بە جۆرێک هەر پەرلەمانتارێک دوای لێبڕینی خانەنشینی، ئەوا بڕی حەفت ملیۆن دینار وەردەگرێت، بە تێکڕای هەر پەرلەمانتارێک بۆ ئەم ١٤ مانگە بڕی ٩٨ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمانی کوردستان-عێراق، پەرلەمان ماوەی چوار مانگ کارایە و دواتر ماوەی دوو مانگ لە پشوودایە.
لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ەوە خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێردرا و دواتر لە دووی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ یەکەمین دانیشتنی خوولی شەشەم بەڕێوەچوو کە تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد و تا ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە نەکراوە و بەهۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، دانیشتنەکانی پەرلەمانی ڕاگیراوە.
پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە ١٠٠ کورسی پێکدێت، لە خوولی شەشەمدا ١٠ لایەنی سیاسیی کورسیی پەرلەمانییان بەدەستهێنا، بەجۆرێک پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، پێکهاتەکان ٥ کورسی، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانیی ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەریی ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١ کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی پەرلەمانییان بەدەستهێنا.