Doga Kirmizioglu,Muhammet Ali Kemal
15 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2018
ئەنقەرە - AA
راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیی، پێپ گواردیۆلا ئاشکرایکرد کە دەیەوێت راهێنان بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات.
گواردیۆلای بەرەگەز ئیسپانیی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنییدا لە ئیسپانیا ئاماژەی بەوەکرد لەو کاتەوەی دەستی بەکاری راهێنەرایەتیی کردووە، خوازیاری ئەوە بووە پۆستی راهێنەریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا وەربگرێت و رایگەیاند: "ئەگەر هەلێکی لەوشێوەیە بێتە پێشەوە ئەوا دەتوانم ببمە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەم و چێژیشی لێدەبینم".
سەبارەت بەوەی دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە پێشنیار بۆ گواردیۆلا کراوە ئەرکی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین وەربگرێت و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ئەو پۆستە وەردەگرێت یان نا، راهێنەرە ئیسپانییەکە رایگەیاند: "نەخێر، بە دڵنیاییەوە ئەرژەنتین نا. بەڵام شوێنێک کە زمانی نوێی لێ فێرببم و خاوەنی کولتوورێکی جیاوازبێت، بەڵێ خوازیارم. ئەنجامدانی گەشتی زۆر و بینینی شوێنی نوێ، خێزانەکەشم پێی خۆش دەبێت".
گواردیۆلای تەمەن ٤٧ ساڵ ئاشکرایکرد دەیەوێت لەو شوێنەی کە دەستی بە یاریی تۆپی پێ کردووە، کۆتایی بە ژیانی راهێنەرایەتیی بهێنێت و رایگەیاند: "دەمەوێت وەک دوا وێستگە، راهێنەرایەتیی تازە پێگەیشتووانی بارسێلۆنا بکەم".