سەنعا
خۆپیشاندەران لەبەرامبەر رفاندن و ئەشکەنجەدانی خۆپیشاندەران لەلایەن حوسیەکانەوە ناڕەزایەتیان دەردەبڕی و داوایان کرد کە چەکدارانی حوسی لە سەنعا و شارەکانی تر بچنە دەرەوە.
لەلایەکی ترەوە لە شاری ئیب و لەئەنجامی تەقەکردنی حوسیەکان بەسەر خۆپیشاندەراندا کەسێک گیانی لەدەست دا و ٣ ی تریش برینداربوون.
حوسیەکان بە ئەنجام دانی کودەتا تۆمەتبار دەکرێن و ناوبەناو رووبەڕووی خۆپیشاندان دەبنەوە لەشارەکانی سەنعا و حودەیدە و عەدەن و تائیز و ئیب.
حوسییەکان لەدوای دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکی حکوومەت و سەرکۆماری ئەو وڵاتە، رەشنووسێکی دەستووریان بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوە کردبوو کە دەستووری ئێستای یەمەن کاری پێ دەکرێت، هاوکات بڕیاری دابوو لەسەر دروست کردنی کۆنسەیەکی سەرۆکایەتییەکە کە لە پێنج ئەندام پێک دێت، پاشان بڕیاری لەسەر دامەزراندنی (ئەنجوومەنی نیشتیمانی کاتی) دابوو کە پێک دێت لە ٥٥١ پەرلەمانتار. هاوکات حوسییەکان داوایان لەو پەرلەمانتارانە کردبووکە بچنە ناو ئەنجوومەنی تازە راگەیاندراوەکە، دوای ئەوەی پەرلەمانی پێشوو هەڵوەشێندرایەوە.