به‌پێی به‌دواداچوونی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ پرسی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، یوسف محه‌مه‌د كاندیدی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه بۆ سه‌رۆك و جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمنکی كاندیدی پ.د.ك بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانە.
هەروەها دەرکەوتووە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان كه‌سی دیارینه‌كردوه بۆ سكرتێری په‌رله‌مان کە بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان پ.د.ک و بزووتنەوەی گۆڕان، مافی ئەو حزبەیە وەری بگرێ.
وا بڕیارە رۆژی دووشەممە ٢١ی نیسان، په‌رله‌مانی كوردستان کۆبێتەوە تا دەستەی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژێرێ.
سه‌باره‌ت به دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان لەو کاتەدا. سالار مه‌حمود پەرلەمانتار لەسەر لیستی ی.ن.ک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، پێویسته چل و هه‌شت سه‌عات پێش كۆبوونه‌وه ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بانگهێشت بكرێن، به‌ڵام تائێستا په‌رله‌مانتاران ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه لەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە رۆژی دووشەممە ساز بکرێ."