فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی:" حکومەتی عێراق و ھیچ وەزارەت و دەزگایەکی دیکەی رەسمی داوای رەوانەکردنی ھێزی پێشمەرگەیان لێ نەکردووین بۆ بە دەمەوەچوونی سوپای عێراق و بەشداریکردن لە پرۆسە سەربازییەکان لە پارێزگای ئەنبار."
یاوەر لەبارەی بوونی داواکارییەکی ئەوتۆ لە داھاتوودا گوتی:" تا ئەم ساتە ھێزی خۆمان لەھیچ ناوچەیەک نەجوڵاندووە، جوڵاندنی ھێز بۆ ھەر ناوچەیەک لەعێراق لە دەستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندایە کە سەرکردەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمە، بۆیە تا ئەو فەرمان دەرنەکا ھێز ناجوڵێنین."
پێشتر لەچەند رووداوێکی دیکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەش ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق لەشەڕی دژی گروپە چەکدارەکان نیشانداوە، بەڵام پێدەچێ کورد و سەرکردایەتییەکەی گومانیان لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە ھەبێ. بۆیە بێ دەنگییان پێ باشترە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو, سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی چەکدارانی توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام-داعش دەستپێکرد، بەڵام دەستگیرکردنی پەرلەمانتاری سوننە ئەحمەد عەلوانی، لەلایەن عەشیرەت و خۆپیشاندەرە سونییەکان وا لێکدرایەوە ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای عێراق لەدژی ئەوانە نەک داعش، ھەر بۆیە عەشیرتەکانی ئەو پارێزگایە دەستیان داوەتە شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق.
رەوشی ئەو پارێزگایە ئالۆزترینە لەعێراق لەئێستادا.