گیریت
ئەندامی کۆمیتەی رێکخراوی کەنەدەی ئیهاب لۆتایف، ئاماژە بەوە دەکات کە کەشتی سێهەمی ئازادی، بەمەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە بەرەو ئەو شارە بەڕێ دەکەوێت و نەشی شاردەوە کە لە نێو کەشتییەکەدا چەند رۆژنامەنووسێکی تێدایە و ئاماژەی بەوە دا ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێکەوتنی کەشتییەکە بەردەوامی هەیە بەبێ ئەوەی کاتەکەی دیاری بکات.
ئیهاب ئاماژەی بەوە دا کە کارەکەی ئەوان ناچێتە چوارچێوەی یارمەتی مرۆییەوە بەڵکو کردەوەیەکی سیاسییە و خوازیارن لە رێگەیەکی ئاشتیخوازانەوە سەرنجی تەواوی دونیا رابکێشین بۆ سەر ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر غەززە هەتا کۆتایی پێ بهێنرێت.
لۆتایف هەروەها گەمارۆکەی سەر غەززەی بەکارێکی ناشەرعی و نامرۆڤانە وەسف کرد و رایگەیاند کە دیار نییە ئیسرائیل کاردانەوەی چی دەبێت بەرامبەر بە هەوڵەکەیان بەڵام ئەوە سوپای ئیسرائیل خۆی دەزانێت کە چی دەکات و ئەوان وەک کاروانی کەشتییەکە، خۆیان بەدوور دەگرن لە هەموو توندوتیژییەک.
لۆتایف لە کۆتاییدا گوتی: "ئێمە ناچینە خاکی ئیسرائیلەوە، ئامانجمان خاکی غەززەیە. ئەگەر سوپای ئیسرائیل بڕیاری وەستاندنی ئێمەی دا، ئەوە بە خەباتێکی ئاشتیخوازانە بەرەنگاریان دەبینەوە. بڕوا ناکەم مافی ئەوەیان هەبێت بمان وەستێنن. دووبارەی دەکەمەوە ئێمە بەهیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لە توندوتیژی".