کەرکووک
جێگری سەرۆکی پەرەلەمانی عێراق، ئارام شێخ محەمەد لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک، نەجمەدین کەریم کۆبووەوە. لە دوای تەوابوونی کۆبوونەوەکەش، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش رێکخرا.
نەجمەدین کەریم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا جەختی لە کێشەی ئابووری و دامەزارندن و ھەروەھا دارایی شاری کەرکووک کردەوە. لە پاڵ ئەمەشدا گوتی: "ھەرچەندە لە ھەموو دەرفەتێک ئەم کێشانەمان خستووەتەڕوو بەڵام ھیچ کەس بەھەندی وەرنەگرت، ھاوکات لە سەردانەکانی شاری بەغداش ھەمان داواکاریمان راگەیاند بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی کرداریی نەھاوێژراوە، ئێمە وەک بەڕێوەبەری خۆجێیی کەرکووک لە مانگی ئابی داھاتووەوە سیستەمی لامەرکەزی پەیڕەو دەکەین، مافی دەستووری خۆمان بەکاردەھێنین، کەرکووک دەسەڵاتی ھەشت وەزارەت بەکار دەھێنێت. بۆ ئەمەش دام و دەزگاکانی پەیوەندیدار ئامادەن، ئێمە دڵنیاین کە دانیشتوانی کەرکووک و پەرلەمانی عێراقیش پاڵپشتیمان دەکەن".
ھاوکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئارام شێخ محەمەد گوتی: "بەپێی دەستوور ھەموو شارێک مافی ئەوەی ھەیە کە سەربەخۆیانە ھەڵسوکەوت بکات. بۆ کەرکووکیش ھیچ رێگرییەک نییە. مەبەست لە سەردانیکردنمان بۆ کەرکووک، پاڵپشتییە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی ئەم پارێزگایە. شاری کەرکووک ساڵێکە کێشەی دارایی و ئابووری ھەیە، بۆ چارەسەری ئەمەش پاڵپشتی خۆمان پێشکەش دەکەین".