Hamit Hüseyin
09 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2016
فەرماندە لە هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان لیوا بەھجەت تەیمەس، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێرشەكانی ئەم دوایەی داعش بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە نیشانەی ئەوەیە كە داعش زۆر لاواز بووە و دەیەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێت و ئەوان بەرەو نەمان دەڕوون و روونە كە ئیتر سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كوردستان ناشكێن. لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا داعش لە چەند شوێنك ھێرشیان كرد و شكستیان ھێنا. ھێرشەكەی داعش لە میحوەری ئاسكی مووسڵ بە بەرفراوانی ٣٠ كیلومەتر بوو کەلە كاتێكی کەمدا هێزەكانی پێشمەرگە توانیان ١٥٠ تیرۆریست بكوژن و زیاتر لە ٣٠ تەرمی تیرۆریستان كەوتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە".
لەبارەی گرنگی میحوەری ئاسكی مووسڵ و ھێرشەكانی داعشەوە گوتی: "ئەو میحورە یەكێك لە گرنگترین میحوەرەكانی شەڕە لەگەڵ داعش و ئەوان بە ھەموو ھێزی خۆیان و زۆربەی جاران بە فراوانی ھێرش دەكەن لەبەر ئەوەی لێرە ھێلی پەیوەندی داعشە بۆ رۆژئاوا و مووسڵ. خەڵكی ئەو ناوچەیە دڵنیادەكەینەوە كە ئەگەر بڕیاری سیاسیی بدرێت پێشمەرگە دەتوانێت لەو میحوەرە مووسڵ كونترۆڵ بكات".
لەبارەی ئوپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ تەیمەس گوتی: "پێشمەرگە ئامادەیە و تەنیا ئێمە چاوەڕێی ھاوپەیمانان و سەركردایەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق دەكەین و زیاتر چاوەڕوانی ئێمە لەسەر سوپای عێراقە كە لەو باوەڕە دا نیین ئەوان بتوانن ئامادەبن بۆ ئەو شەڕە".
لەبارەی ھاتنی سوپای عێراق بۆ مەخموور و ھێرشی ھاوبەشی ئەوان لەگەڵ پێشمەرگە لیوا بەھجەت تەیمەس گوتی: "ھەر ھێزێك كە رەوانەی سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان بكرێت بە رێككەوتن و بڕیاری سەركردایەتی كورد دەبێت و ئەو میحوەرانەی كە بۆ سوپای عێراق دانراون ئەوان لەو میحوەرانە شەڕ دەكەن و ئەوان بە ھاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە لە هیچ میحوەرێك شەڕ ناكەن و ھەر ھێزێك بە جیا ھێرش دەكات وھەر یەكێكیان لە میحوەری خۆی دەبێت".