ههولێر
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی كێلەشین، كێشە كەوتە نێوان چەكدارانی پەكەكە و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.
لە بەرامبەردا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە "بەوپەڕی داخ و سەرسووڕمانەوە هەواڵی گرژی و پێكدادانی نیوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستان ـ ئیران"مان پێدەگات"
هەروەها سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "هۆشداریی توند دەدەینە لایەنەكانی كوردستانی، لە پەنابردن و بەكارهێنانی چەك لە یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی سیاسی. لە كاتێكدا گەلی كوردستان رووبەڕووی مەترسیی تیرۆر و گرژیی ناوچەیی دەبێتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە سەروبەندی گۆڕانكاریی گەورەدایە، نەوەكانی یەك نەتەوە دەست بدەنە چەك دژی یەكتری بە تاوانێكی نەتەوەیی ئەژمار دەكرێت".
هەروەها ئەمجۆرە دووبەرەكییانە هەڵدانەوەی تاریكترین، لاپەڕەكانی مێژووی كوردستانە و گەلی كوردستان دووبارەبوونەوەی قبووڵ ناكات.
لەدرێژەی بەیانامەكەدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت: "چاوەڕوانی هیچ شتێك لەم دوو لایەنە كوردستانییە ناكۆكە ناكەین، جگە لە راگرتنی دەستبەجێی گرژییەكان و رێككەوتنی كۆتایی لەسەر كێشەكانیان".
لەكۆتایدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، بانگهێشتی پەكەكە و حزبی دیموكراتی كوردستان دەكات، كە بێنە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ كێشەكانییان چارەسەر بكەن.