سلێمانی
پلاتفۆرمەكە بە بەشداری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیران و پەرلەمانتارانی كوردستان، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتارانی عێراق، لەگەڵ پارێزگار و شاندی 19 پارێزگای عێراق بەشدارن.
پلاتفۆرمی سلێمانی لە هۆڵی گراند میلینیۆم و لەژێر دروشمی "سەكۆیەك بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان پارێزگاكانی عێراق، هەماهەنگی ئابووری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكان" بەڕێوە دەچێت، كە لەلایەن پارێزگاری سلێمانی بە هەماهەنگی وەزارەتی دەوڵەتی عێراق بۆ كاروباری پارێزگاكان و پەرلەمان ساز كراوە.
سەرەتای پلاتفۆرمەكە بە چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكرد، دواتر بەشدار بوان دەقیقەیەك بۆ گیانی شەهیدان وەستان.
بە گوێرەی بەرنامەی كاری پلاتفۆرمەكە لە یەكەم رۆژی پلاتفۆرمەكەدا وتاری پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون، وتاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، وتاری حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پارێزگاكان و پەرلەمان، وتاری سەرۆكایەتی كۆمار لەلایەن نوێنەری سەرۆكایەتی كۆمار تۆرهان موفتی، وتاری دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان لەلایەن سەرۆكی دەستەكە سامی ئەعرەجی، وتاری ژوورەكانی بازرگانی عێراق لەلایەن سەرۆكی ژوورەكە جەعفەر رەسول حەمدانی، وتاری گرووپی كۆمپانیاكانی فاروق لەلایەن سەرۆكی گرووپەكە فاروق مەلا مستەفا پێشكەش دەكرێن. بە نمایشێكی تایبەت لەسەر شاری سلێمانی كۆتایی بە دانیشتنی یەكەمی پلاتفۆرمەكە دێت.
لەبەشی دووەمدا دوو كۆربەندی تایبەت بۆ پارێزگارەكانی سلێمانی ، سەڵاحەدین ، دیالە، ناسڕییە، دهۆك، نەجەف، هەڵەبجە، كەربەلا، كەركووك بەڕێوە دەچێت.
دواتر چەند دانیشتنێكی تایبەت بۆ كەرتەكانی وەبەرهێنان و رۆشنبیری ئەنجام دەدرێن.
لە رۆژی دووەمی كۆنفراسدا كۆبونەوە و دیداری تایبەتی پارێزگارەكانی عێراق لە دیوانی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێت، هەروەها كۆبونەوەی دەستەكانی وەبەرهێنان لە هۆڵی گراند میلینیۆم بەڕێوە دەچێت.
لە كۆتایی پلاتفۆرمەكەشدا بەشداربوانی پلاتفۆرم سەردانی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكەی سلێمانی و نەخۆشخانەی فاروق دەكەن.
پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون لە كاتی گەیشتنی میوانانی پلاتفۆرمەكەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هیوادارین بە ئەنجامێكی باش و جێگای رەزامەندی هەموو بەشداربوانی پلاتفۆرمەكە لێی دەربچین، پلاتفۆرمەكە بەبەشداری شاندی 19 پارێزگای عێراقە بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە".
هەروەها گوتی: "پلاتفۆرمەكە چەندین سێكتەری جیاواز لە وەبەرهێنان و رۆشنبیری و پیشەسازی و بوارەكانی تر لە خۆ دەگرێت، هەروەها كۆبونەوەی تایبەت بە پارێزگارەكانی عێراق ئەنجام دەدرێت كە هیوادارین دەرەنجامێكی باشی هەبێت".