پارتی دیموكراتی كوردستان له لێدوانێکی چاپەمەنیدا كه له سایتی رەسمی خۆی kdp.info بڵاویكردۆتهوه، رایگەیاندووە گومانی لەو لێدوانانەی پەیەدە هەیە سەبارەت بە هەڵکەندنی خەندەق لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا.
له روونكردنهوهكهی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووه: "ماوەی چەند ڕۆژێکە بەرپرس و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە پەیەدە لە چەواشەکارییەکانیان لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامن و باس لەوە دەکەن کە پارتی خەندەق لەسەر سنووری ڕۆژئاوا لێ دەدا. ڕای گشتیی کوردستان لەوە ئاگادار دەکەینەوە کە پارتی ھیچ جۆرە پەیوەندییەکی بەو ئیجرائاتە ئەمنییەوە نییە کە لەسەر سنوورەکاندا دەکرێ، بەڵکو ئەوە حکومەتی ھەرێم و دەزگا سەربازیی و ئەمنییەکانی ھەرێمن کە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن چۆن ھەرێمی کوردستان و سنوورەکانی لە ھەڕەشەی تیرۆریست و قاچاخچیان بپارێزن، چونکە ئاساییشی ھەرێم و گیانی ھاووڵاتیان ھێڵی سوورە و دەبێ لە ھەڕەشەکان بپارێزرێن. پەیەدە و سیاسیەتەکانی کە بوونەتە کێشە بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بە تەوجیھی نەیارانی کورد ھەر ڕۆژە و بە جۆرێک ھەرچی قسەی بێبنەمایە ئاراستەی پارتی دەکەن و دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە شکستی ھەڵسوکەوت و سیاسەتی خۆیان لە ڕۆژئاوا پەردەپۆش بکەن."
له بهشێكی دیكهی روونكردنهوهكهدا هاتووه: "پەیەدە لەڕێی پەیوەندی و سەفەقاتی گوماناوی لەگەڵ نەیارانی گەلەکەمان، گەلی کوردیان لە ڕۆژئاوا کردووەتە ئەسیری خۆیان و ناھێڵن دۆزی کورد لەم بەشەی کوردستاندا بەرەو پێشەوە بچێ. یەکڕیزیی گەلی کوردیان پێشێل کرد و پەیمانشکێنییان کرد و ھاوپەیمانێتییان لەگەڵ نەیارانی کوردستان بەست. لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ڕژێم شەڕیان بەسەر گەلی کورد سەپاند و ئێستاش بە چەواشەکاری و قسەی بێبنەما دەیانەوێ خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی دی لە ڕاستییەکان بگەیەنن. لەو کاتەی چەند لایەنێکی کوردی بڕیاری یەکڕیزیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردیان داوە و پارتێکی تازە و خاوەن جەماوەر کە لە تێکۆشەرە ڕاستەقینەکانی ڕۆژئاوا پێکھاتووە، بەرپرسانی پەیەدە ئەم چەواشەکارییە نوێیەیان دەست پێکردووە و چاویان بە یەکڕیزیی و سەربەرزیی گەلی کورد ھەڵنایێ."
لهبارهی ئهو سنووره ئاوهڵایهی له نێوان ههرێمی كوردستان و سوریادا ههیه پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "خەڵکی کوردستان لەوە ئاگادار دەکەینەوە کە خاڵی سنووریی سێمالکا بە شێوەیەکی ڕەسمی کراوەیە، بەڵام بە درێژایی حەڤدە کیلۆمەتر سنوور ئاواڵایە و تیرۆریستان کە ھاوپەیمانی ھاوپەیمانەکەی پەیەدەن بە ئاسانی دەتوانن دزە بکەنە ناو ھەرێمی کوردستان و زیان بە ئاساییشی ھەرێم بگهیهنن. بۆیە دەزگەکانی ئاسایشی ھەرێم ئەرکی سەر شانیانە ئیجرائاتی پاراستنی ھەرێم جێبەجێ بکەن و نەھێڵن پیلانی نەیارانی گەلی کورد سەر بگرێ. حکومەتی ھەرێم زۆر باش دەزانێ چۆن سنوورەکانی بپارێزێ و بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەت لە کەس وەرناگرێ."
له كۆتایی روونكردنهوهكهی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووه: "ئەگەر مەبەستی پەیەدە قاچاخچێتی یان ئاسانکاریی نەبێ بۆ تیرۆریستان، بۆ بە ڕێگای یاسایی و ڕەسمی کە سێمالکایە ھاتوچۆ ناکەن؟ بۆ دەبێ بۆ ئەوەی ئەوان قاچاخچێتیی خۆیان بکەن دەبێ حەڤدە کیلۆمەتری سنوور کراوە بێ و ھەر کاتێ تیرۆریستیان ویستیان بێنە ناو ھەرێم و زیان بە ئاساییشی کوردستان و ھاووڵاتیان بگەیەنن؟."